خەڵکی نیشتمانپهروهری کوردستان، لاوانی ئازا و بهههڵوێست
کۆڕ و کۆمهڵه مرۆڤدۆستهکانی کوردستان و جیهان
هەر وەک هەمووان ئاگادارن، دەوڵەتی تورکیا و میلیشیا ئیسلامییەکانی گرێدراو بەم وڵاتەوە لە ڕێکەوتی09/10/2019 هێرشێکی بەربڵاویان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆسەر کوردستانی ڕۆژائاوا دەستپێکردووە. لەم ماوەدا بەسەدان کەس لە خەڵکانی سڤیل شههید و بە هەزاران کەس برینداربوون هەروەها تا ئێستاکە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون. جێگای ئاماژەیە کە ئەم هێرشە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێمۆکرات لە کاتێکدایە کە هیچ چەشنە هەڕەشە و مەترسییەک لە لایەن ئەم هێزەی ڕۆژئاواوە بەرەوڕووی تورکیا نەبووەتەوە. هاوکات زۆربەی وڵاتان و کەسایەتییەکانی بەناوبانگ لە ئاستی جیهانیدا ئەم هێرشە وەکوو هەوڵێک بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیی و ژینۆساید ناو دەبەن کە یەکێکە لە تاوانە کانی دژ بە مرۆڤایەتی، لەم ماوەدا کۆمەڵانێکی بەرچاو لە نهتهوهی کورد، کەسایەتی و ناوداران و ڕێکخراوە بیانییەکان سەبارەت بەم مەترسییە هەڵوێستیان دەربڕیو.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەلایەن تورکیاوە، لەژێر ناوی کانیاوی ئاشتیی و وەکوو هەوڵێک بەدژی تێرۆریزم ناودەبرێت و بەڕێوەدەچیت، ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا دەرەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاگرباران و خوێنڕێژییە و هەوڵێکی بەرچاوە بۆ گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچەکە و هاوکات کوردەکان وەکوو فاکتەری سەرەکی بۆ لەناوبردنی داعش و تێرۆریزم لە ناوچەکەدا ناسراون.
هەر لەم پەیوەندیەدا، ئێمە وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پڕۆتستۆ کردنی ئەم هێرشە ناڕەوایە، داوا لە ڕێکخراوە مەدەنی و نێونەتەوەییەکان دەکەین تاکوو درێژه به ههوڵهکانیان بدهن بۆ ڕاوەستاندنی هێرشی تورکیا و کۆتایی هێنان بەو هەموو ئازار و کوشتارە کە داوێنی گەلی کوردی گرتووهتهوە. هاوکات داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین تاکوو بە هاوهەڵوێستی و پاڵپشتیی یەکتر، بەدوور لە بەرژەوەندیخوازی حیزبی و تاک لایەنە، ئەرکی مرۆڤانە و نەتەوایەتی خۆیان بەجێ بهێنن. ئێمە لاوانی شۆڕشگێر و خەباتکاری ڕۆژهەڵات خۆمان بە هاوخەم و هاودۆزی ڕۆژئاوای وڵات دەزانین.
ڕێکخراوهکانی لاوانی ڕۆژههڵات:
– ڕێکخراوی لاوانی پێشڕهو
-ڕێکخراوی کۆمهڵهی لاوانی رۆژههڵات
_یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
_رێكخراوی لاوانی ئازادیی كوردستان-PAK
-ڕێکخراوی لاوانی خهباتی کوردستانی ئێران
-یهکیهتی لاوانی دێموکراتی ڕۆژههڵاتی کوردستان