هەوڵی دەستدرێژیی بۆ سەر فەریناز خوسرەوانی، كچە كوردی مەهابادیو گیانبەختكردنی ئەو كچە، ناڕەزاییو راپەڕینی جەماوەریی خەڵكی ئەو شارەو هەموو كوردستانی لێكەتەوەو، رێكخراوە سیاسییەكانو دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كوردستان ناڕەزایی خۆیان لە بێ یاساییو گەندەڵییەكانی رژیمی ئیسلامی دەربڕیو هاوپشتی خۆیان بۆ خەڵكی مەهاباد دووپات كردەوە.
بە درێژایی تەمەنی كۆماری ئیسلامی، كچان و ژنانی كورد لە شوێنە جیاجیاكان، چ لە زیندانەكانو لە كاتی ئێعدام، چ لە كاتی خەبات و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی داگیركەران و چەوسێنەرانی خەڵكی كوردستان و چ لە كاتی پەرەسەندنی دیاردە قیزەونە كۆمەڵایەتیەكان، بەرەوڕووی پەلامار و دەستدرێژیی و كردەوەی دژە مرۆییەكان بوونەتەوە.
كچ بوون و ژن بوون لەژێر دەسەڵاتێكی كۆنەپەرەستی وەك ئێران، هەمیشە بە شێوەیەكی دوو بەرابەر بەرەوڕووی نادادپەروەری و نایەكسانی بووەتەوە. كچانو ژنان ئەگەر بەرەنگاریی لە كەرامەتی خۆیان بكەن، تاوانبارن و ئەگەریش خۆیان تەسلیم بكەن یان بۆ رزگار بوون لە دەستدرێژی گیانی خۆیان بخەنە بەردەم مەترسیەوە، دەبنە قوربانی. بۆیە ژنان و كچانی ژێر دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی كە یاسای دواكەوتوو و نامرۆڤانەی بەسەریدا زاڵە، پێویستییان بە پشتیوانی و لایەنگریی هەمەلایەنەی جەماوەری خەڵكی خەباتكار هەیە.
رێكخراوی لاوانی پێشڕەو پاڵپشتیی لە هەر ناڕەزاییەتی و هەڵچوونێكی جەماوەریی لەهەمبەر ستەم و نادادپەروەریی دژی خەڵكی كوردستان و بەتایبەت كچان و ژنانی بەشمەینەتی ئەم نیشتمانە دەكات و داوا لە هەموو كۆڕ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان دەكات سەبارەت بە چارەنووس و خوێنی بەناحەق رژاوی فەریناز و ئەو كەسانەی كە لەو پەیوەندەدا گیانیان كەوتووەتەوە مەترسیەوە، كەمتەرخەم نەبن، تا جارێكی دیكە دڵی خەڵكی كوردستان لە روودانی كردەوەی هاوچەشن بریندار و زامدار نەبێ.
رێكخراوی لاوانی پێشڕەو
19ی گوڵانی 1394 – 9ی مەی 2015