لە رۆژی شەممە 5ی رەشەمەوە خەڵكی شارەكانی بانەو پیرانشار لە وەڵامی بانگەوازێكداو دژ بە داخستنی سنورەكانی كوردستان دەستیان دایە مانگرتنو دوكانو بازاڕەكانیان داخست.
لەبانگەوازەكەدا كە لەلایەن كاسبكاران، كۆڵبەرانو بازاڕییانو چالاكانی مەدەنی شاری بانە بڵاوكراوەتەوە، داوا كراوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە داخستنی سنورەكان لەلایەن بەرپرسانی هەر دوو رژیمی ئێرانو عێراق مانگرتنێكی سەراسەری دەستپێبەكەن. لە بانگەوازەكەدا هاتووە “ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان لەبەر نەبوونی هەلی کار، بە کاری دژواری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوونه کە ساڵانە زۆر کۆڵبەر بە شێوەی نامرۆڤانە کوژراون؛ ئێستا بە داخستنی سنوورەکان ئەو هەلە دژوارانەی نانی مەرگیش بڕاوە”و داوا لە خەڵكی بانەو سەرجەم شارەكانی كوردستانو ئێران دەكات دوكانو بازاڕەكان دابخەنو تا وەڵامی داواكارییەكانیان دەدرێتەوە لەمانگرتن بەردەوام بن.
ئەمرۆش چوارەمین رۆژی ئەم مانگرتنە بەردەوام بووەو سەرەڕای گوشاری هێزەكانی رژیم بۆ كردنەوەی دوكانو بازاڕەكان، خەڵكی شارەكانی بانەو پیرانشار لەسەر داواكارییەكانیان پێداگر بوون و بە داخستنی دوكانو بازاڕەكانیان خوازیاری كردنەوەی سنورەكان بوون.
ئێمە وێڕای پشتیوانی خۆمان لەو مانگرتنە، لەسەر ئەو بڕوایەن كە خەڵكی كورد بەتایبەتی خەڵكی ناوچە سنورییەكانی كوردستان بەردەوام قوربانی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بوونو بەرپرسانی رژیم بەهەر بیانوییەك زیانی ئابورییان بە خەڵكی مافخوراوی ئەو ناوچانە گەیاندوە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان داوا لە سەرجەم خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستانو ئێران دەكات پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵكی بانەو پیرانشار بكەنو بە داخستنی دوكانو بازاڕەكان خوازیاری كردنەوەی سنورەكانی كوردستان بن.
پێكەوەبوونو هاودەنگیو یەكگرتوویی خەڵكی كوردستان رەمزی سەركەوتنە
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
8ی رەشەمەی 1396