خەڵكی خەباتكار و ئازادیخوازی كوردستان
مافخوازانی سەرتاسەری ئێران
مامۆستایان، قوتابیان، كرێكاران و سەرجەم بازاڕیانی كوردستان و ئێران
رەوەندی كوردیی و سەرجەم هاونیشتمانانی دەرەوەی وڵات
ئەمڕۆ ٤ی خەزەڵوەر چل رۆژ بەسەر شەهیدكردنی ژینا ئەمینی و چل رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەدەسپێكی بزوتنەوەی نوێی ژینا تێپەڕبوو. ئەمڕۆ لەشاری سەقز لە شوێنی لەدایكبوونی ژینا خەڵكی ئەو شارە و بەهەزاران كەس لە خەڵكی شارەكانی دیكەی كوردستان و ئێران كە بە بۆنەی چلەی ژیناوە سەردانی ئەو شارەیان كردبوو حەماسەیەكی دیكەیان خولقاند. ئەمڕۆ چلەی مەرگی ژینا بوو بە خاڵی وەرچەرخان لەبزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و لەمێژووی بزوتنەوەكەدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. هاوكات لە هەموو شارەكانی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران بە بۆنەی چلەمین رۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی مانگرتن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەڕێوەچوو و خەڵك بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دروشمی روخانی رژیم هاوپشتی سەرتاسەری خۆیان نیشاندایەوە كە ژنانی ئازادیخواز لە هەموو شارەكان پێشڕەو و سەرقافڵەی ئەو ناڕەزاییانە بوون.
خەڵكی خۆڕاگری كوردستان بە ئاخێزی بوێرانە و دەنگی بەرزی مافخوازانە و كۆڵنەدانیان سەلماندیان كە كوردستان قەڵای پۆڵایین و لەبن نەهاتووی ئازادیخوازانەو مەكۆی ئازادی مرۆڤەكانە لەشۆڕشدا و تا وەدیهاتنی سەرجەم داخوازییە ڕەواكانی هەرگیز ناسرەوێت. بەم بۆنەیەوە ئێمەش لەناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، سەرەتا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئازیز و خۆشەویستی سەرجەم شەهیدانی شۆڕشی ئەمجارەمان و وێڕای سەرەخۆشیی لە سەرجەم خەڵكی كوردستان و بنەماڵە و كەسوكاریان، شانازیی بە یەكڕیزیی و یەكدەنگیی بێوێنەتان، لە قوڵایی دڵەوە سپاس و پێزانینی خۆمانتان پێشكەش دەكەین و بەڵێنیمان پاڵپشتیی و هاوخەباتیتانە تا دواقۆناغی سەركەوتن.
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی چل ڕۆژ تێكۆشان و ئەزمون و دەستكەوتی گەورە و بەنرخی سەرهەڵدانەكە، دیسانەوە قۆناغێكی نوێ دەكەوێتە سەر رێگامان كە پێویستیی بە چالاكیی و هەنگاوگەلی نوێ و شێوازی جیاوازتری بەردەوامبوونە. خەڵكی كوردستان بەدرێژایی خەباتی دەیان ساڵە بەگشتیی و ئاخێزەكانی ئەم چل ڕۆژەی بەتایبەتیی، گەیشتوەتە ئاستێك خۆی رابەریی بزوتنەوەكەی بكات و بەڕێكاری جیاجیا و داهێنەرانە بەرامبەر بە سەركوت و كوشتاری رژیم هەڵوێست وەربگرێت.
لەكۆتاییدا جارێكی دیكە سپاس و پێزانینی
خۆمان ئاراستەی سەرجەم خەڵكی كوردستان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران دەكەین، دەستیان دەگوشین.
بژی خۆڕاگری و یەكگرتووی و هاوپشتیمان
بڕوخێ رژیمی كۆماری ئیسلامی
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٤.خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی