ماوەی نزیك بە هەفتەیەكە شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەكان لە چەندین شاری ئێرانو كوردستان لەوانە مەشهەد، هەمەدان، بوشێهر، ئیسفەهان، شیراز، سەقز، كرماشان، دیواندەرە،…. بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە جێبەجێ نەكردنی خواستە پیشەییەكانیان مانیان گرتوە و سەرەڕای بەڵێنە بێبنەماكانی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان، مانگرتنەكان لەچەندین شاری جۆراوجۆر بەردەوامە.
مانگرتنی شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەكان ئەگەر داواكارییەكی پیشەییەوە بێت، بەڵام دەرهاویشتەو بەشێكە لەو قەیرانە ئابورییەی كە دەسەڵاتدارانی رژیم بۆ خەڵكی ئێرانیان دروستكردوەو خەڵك بۆ بەدەستهێنانی بژیوی ژیانیان توشی چەندین كێشەو گرفت دەبنەوە. ئەمەش لەكاتێكدایە كۆماری ئیسلامی ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار خەرجی گروپە توندڕەو و تیرۆریستییەكان لە وڵاتانی جیاجیا دەكات.
ئێمە پشتیوانی لەمانگرتنی شۆفێرانی ماشینە بارهەڵگرەكان لە شارەكانی ئێرانو كوردستانو، هەروەها مانگرتنو ناڕەزایی هەموو چینو توێژەكانی كۆمەڵگای ئێران دەكەین و خوازیاری دەستبەركردنی داواكارییە رەواكانیانین. وەڵام نەدانەوە بە داخوازیی شۆفێرانی مانگرتوو، نمونەیەكە لە پشتگوێ خستنی ژیانی خەڵك لەلایەن بەرپرسانی رژیم ئیسلامی.
سەركەوێ مانگرتنی شۆفیڕانی ماشینە بارهەڵگرەكان لەشارەكانی ئێرانو كوردستان
بروخێ رژیمی دژە خەڵكی كۆماری ئیسلامی ئێران
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
5ی جۆزەردانی 1397