رۆژی 30 جۆزەردان رێكەوت لەگەڵ 20ی مانگی ژوئەن، رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە كرێكارانی بەندكراو و زیندانیانی سیاسی لە ئێرانە، كە لە سایەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی لە ئێستادا سەدان چالاكی سیاسیو كرێكارییو هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان لە سیاچاڵەكانی رژیم بەندكراون.
كۆماری ئیسلامی كە هەر لە رۆژانی یەكەمی بەدەسەڵات گەیشتنی كەوتە سەركوتی بیرجیاوازان، لەماوەی نزیك بە چوار دەیە حاكمیەتی رەشی ئیسلامی لەئێران بە هەزاران هەڵسوڕاوی سیاسیو كرێكارییو داكۆكیكارانی مافەكانی ژنانی بە تۆمەتی جیاجیا رەوانەی زیندانەكان كردوەو بە سەدان كەسیش گیانیان لەدەستداوە.
لەكوردستان كە هەمیشەو لەهەموو قۆناغە مێژووییەكان دژی داگیركاریو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بووە، چالاكوانانی سیاسی، كرێكاریی، مەدەنیو هەڵسوڕاوانی بواری ژنانو ژینگەپارێزان بەردەوام توشی گرتنو ئەشكەنجەو ئێعدام بوونەتەوە. بێ هۆ نیە كە تا ئێستاش لە هەموو ئێراندا هەر لەكوردستانە كە ئێعدامی سیاسی ماوەو هەڵسوڕاوانی سیاسی لەدار دەدرێن. لەكوردستان كە لەهەموو سەردەمێكدا مەتەرێزی خۆڕاگریو خەبات دژی دیكتاتۆری بووە، نەك دەنگی رەوای چالاكوانانی سیاسی بەڵكو ژیانی كۆڵبەران بە گوللەی راستەوخۆی هێزەكانی رژیم كۆتایی پێدێتو سفرەی خێزانەكانیان خوێناوی دەكرێت.
ئێمە وەك ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات بە بۆنەی رۆژی جیهانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران، سیاسەتی سەركوتو گرتنو راوەدونانی زیندانیان سیاسیو چالاكوانانی مەدەنی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی مەحكوم دەكەین. دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیو داوا لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە ئێرانو كوردستان لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی بخەنەگەڕ.
سەركەوێ خەباتی رەوای خەڵكی كوردستان
بڕوخی كۆماری پەتو سێدارەی ئیسلامی
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات
19ی جۆزەردانی 1399 – 19ی ژوەنی 2020