رۆژی 12ی سێپتامبر، وەفدی كەجەكە سەردانی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانیان كرد. مەبەستی سەردانەكە بانگهێشتكردنی كۆمەڵە بوو بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكی “راوێژی نەتەوەیی بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان” كە لەلایەن (كەنەكە)ی بە پەكەكە ئامادەكاریی بۆ كراوەو بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچێت.
لەدیدارەكەدا شاندی كۆمەڵە تێبینییەكانی خۆی لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە راشكاوانە بە وەفدی میوان گەیاندو ئامادە نەبوونی خۆیشی لەو كۆبوونەوەیە راگەیاند. هەروەها رەخنەی لە شێوەكاری كەنەكەش دەربڕی كە پێشتریش لەسەر كۆبوونەوەكەی سلێمانیو بێ سەرەو بەرەیی ئەو كۆبوونەوەیە راگەیەنراوی كۆمەڵە بڵاوكراوەتەوە (راگەیەنراوەكە بببینە).
ئەوەی جێگەی سەرەنجی ئەم نوسینەیە، روماڵكردنی هەواڵی ئەم دیدارەیە لەلایەن میدیای زمانحاڵی پەكەكە بەناوی (فورات نیوز) كە لەبەشی فارسییەكەی بەدڵی خۆیو بە بێ هیچ بنەمایەك هێرش دەكاتەسەر حیزبەكانی رۆژهەڵات، بە وتەی ئەو (احزاب سنتی)و شەلم كوێرم ناپارێزم كۆمەڵێك شتی ناڕەوای نوسیوەو بەخەیاڵی ئەو میدیایەی پەكەكە، “حیزبەكانی رۆژهەڵاتی تەنانەت خەرجی رۆژانەشیان لەلایەن حیزبەكانی باشوری كوردستانەوە كە پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ ئێران !َ!!و توركیادا هەیە، دابین دەكرێت و بەم هۆكارە لە بڕیاری سیاسی خۆیاندا سەربەخۆ نینو .. بۆیە بەشداری ئەو كۆبوونەویە ناكەن”.
ئەگەری (فورات نیوز) بنەماكانی كاری رۆژنامەگەریی بزانیایە، دەیزانی كە بڵاوكردنەوەی بۆچوونی فەرمی نوسەر یان بەڕێوەبەرانی میدیاكەیان لەناو هەواڵەكەدا بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی باوەڕپێكراو هەبێت، یان لە زاری كەسێكی دیاریكراو هاتبێتە دەر، دوورە لە پرەنسپیەكانی كاری رۆژنامەگەریی.
یاكوو ئەو پرەنسیپانە دەزاننو سیاسەتو بۆچونی حیزبەكەیان لەسەر حیزبەكانی رۆژهەڵات وایەو فەرمانیان پێكراوە هەواڵەكە بكەن بە راگەیەنراوێكی سیاسیی نافەرمیی.
داوەریی كردن لەسەر ئەم شێوازی رومالكردنی هەواڵە بۆ خوێنەرانو خەڵكی كوردستان بەجێدەهێڵین.
بۆ زانیاریی زیاتر لینكی هەواڵەكە لە سایتی كۆمەڵەو لە میدیاكەی پەكەكە بخوێننەوە.
هەواڵی دیدارەكە لەسایتی فەرمیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە باشوری كوردستان
14ی سێپتامبری 2017