پاش نیوەرۆی ئەمرۆ هەینی بەبۆنەی 26ی رێبەندانی، رۆژی كۆمەڵە رێوڕەسمێك لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەكە كە بەبەشداری ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەو كادرو پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو ژمارەیەك میوان بەڕێوەچوو، سەرەتا بە راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد. پاشان سرودی بانگەواز، سرودی رەسمی كۆمەڵە بڵاوكرایەوە.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا هاوڕێ رەزا كەعبی، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەم بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
هاوڕێ رەزا لە وتەكانیدا بەتیشكخستنەسەر نزیك بە 4 دەیە لە ئاشكرابوونی هەڵسوڕانی كۆمەڵە جەختی لەسەر ئەركەكانی ئێستای كۆمەڵە بەرامبەر بە رژیمی كۆماری ئیسلامی كردەوەو جەختی لەسەر هەرچی زیاتركردنی كاروچالاكی رێكخستنەكانی كۆمەڵە لەناوەوەی كوردستان كرد.
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا هاوڕێ رەزا باسی لە هەڵبژاردەنەكانی داهاتووی ئێران كردو بە ئاماژە بە تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵكی ئێرانو كوردستان، هاندانی خەڵك لەلایەن هەر گروپو لایەنێك بە گەمژەیی سیاسیی ناولێبردو جەختی لەسەر بایكۆتی شانۆگەری هەڵبژاردنەكان كردەوە.
لەدرێژەی رێوڕەسمەكەدا لەلایەن هاورێیان پێشمەرگەوە چەندین شیعرو سرودو گۆرانی پێشكەش كرا.