پێشنیوەرۆی چوارشەممە 23ی گەلاوێژی 1398ی هەتاوی (14/8/2019) ، سیانزەمین كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەكۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرانی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەندی هاوكاریی تێیدا بەشداربوون، سەردێری كاروچالاكییەكانی دەورەی پێشووی ناوەند لەلایەن نوێنەری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانەوە خوێندرایەوە. پاشان هەر یەك لە بەشداربووان تێبینیو بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو كاروچالاكییانەی دەورەی رابردوو دەربڕی و پێشنیاری پێویستیان بۆ چالاكییەكانی خولی داهاتووی ناوەندی هاوكاریی خستەڕوو.
قسەكردن لەسەر بارودۆخی كوردستانو ئێرانو ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە لایەنەكان لەگفتوگۆیەكی گەرمو گوڕدا، لێكدانەوەو شیكاری خۆیان بۆ دۆخی ئێستا خستەڕوو و جەختیان لەسەر چڕوپڕتركردنی كارو ئەركەكانی ناوەندی هاوكاریی كردەوە.
لەبەشێكی كۆبوونەوەكەدا ناوەندی هاوكاری پشتیوانی خۆی بۆ 14 هەڵسوڕاوی مەدەنیو 14 هەڵسوڕاوی بواری ژنان لە ئێران دەربڕی كە لەبەیاننامەیەی جیاجیا بە ئاماژە بە دژە ژنبوونی رژیمی كۆماری ئیسلامی، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە بەشێوازی هێمنانەو دوور لە توندوتیژی دژی كۆماری ئیسلامی دەوەستنەوەو داوای دەستلەكاركێشانەوەی عەلی خامەنەیی، رابەری رژیمیش دەكەن.
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەی ناوەندی هاوكاریی، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران وەك بەرپرسی دەورەیی ناوەند كاروچالاكییەكانی دەورەی داهاتووی گرتە ئەستۆو كۆبوونەكە پاش نزیكەی 6 كاتژمێر كۆتایی پێهات.