دوو رۆژ لەوە پێش هێزێکی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری دادگای کۆیە، لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، هێرشیان بردە سەر بنکەیەکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە. ئێمە ئەم بڕیاڕەی دادوەری کۆیە بە نادروست و دور لە حورمەتی سیاسی بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەزانین.
هیچ خەتایەکی تاکە کەس یان بنەماڵەیەکی حیزبی دێمۆکرات و تەنانەت “درەنگ ئیقدامکردنی” ئەو حیزبەش بۆ چارەسەری کێشەکە، ناتوانێ پاساوی وەها کردەوە و هەڵسوکەوتێک بێ. بۆیە ئێمە وێڕای دەربڕینی نارەزایی خۆمان لەم کردارەی بەرپرسانی کۆیە، لامانوایە پێویستە حکومەتی هەرێم و کاربەدەستانی کۆیە، نەهێڵن روداوی لەم چەشنە دووپات بکرێتەوە. لازمە پێوەندی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کێشەکانیان بە هەستیاری زۆرەوەو، وەک کەیسێکی سیاسی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ و، حورمەت و کەرامەتی خەباتکارانەیان بپارێزرێ. بۆیە داوای جیددی ئێمە ئەوەیە کە هەر بەم پێوەرەش رەفتار بکرێ، هەروەها پێمانوایە نابێ ئەم کێشەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزیی نێوان بزوتنەوەی کورد لە باشور و ڕۆژهەڵات و نابێ دوژمنانی ئەم بزوتنەوەیە کەڵکی لێوەربگرن.
پێوەندیەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان
١٤ ڕەشەمەی ١٣٩٣ یان ٥ مارسی ٢٠١٥ زایینی