رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٣/١١/٢٠١٤ وەفدێکی نوێنەرایەتیی کۆمەڵە کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان محەمەد فەرهادزادە و ئەرسەلان خەسرەونەژاد سەردانی نوێنەرایەتیی پارتی یەکێتی دێمۆکرات ” پەیەدە ” یان کرد و لەلایەن بەڕێزان غەریب حەسۆ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان و نۆجین یۆسف و دوکتۆر محەمەد رەشۆ و دیار قامیشلو پێشوازیان لێ کرا.
لەم دانیشتنەدا هاوڕێ محەمەد فەرهادزادە بەنوێنەرایەتیی لەلایەن کۆمەڵەوە قسەو باسێکی لەسەر باروودۆخی ناوچەکە بە گشتی و هەریمی کوردستان و رۆژئاوا و شەڕ دژی داعش بە تایبەتیی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر لایەنە پۆزێتیڤ و نێگاتیڤەکانی ئەم شەڕە کە سەرەڕای ئاوارەبوون و شەهید بوونی پێشمەرگە و شەڕڤانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەڵ و یەکینەکانی پاراستنی ژنان و خەڵکی بێ تاوان، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو بەرەنگاری و خۆڕاگریەی کۆبانی بوو بە هۆی ئەوە کە دۆزی کورد ببێتە بابەتی سەرەکی مانشێتی رۆژنامە و میدیا و کۆبوونەوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و سەلماندنی دەور ورۆڵی کورد لە ناوچەکە لە بەرەنگار بوونەوە بەرەوڕووی تێرۆردا. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە کە لەم دەورەیە لە هەموو دەورەکان زیاتر پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان سەرەڕای جیاوازیە فیکریەکان بە یەکدەنگی و یەکڕیزی لەسەر مەسەلەی نەتەوەی کورد بدوێن و هاو هەڵوێست بن.
هەر لەم چوار چێوەیەدا نوێنەری کۆمەڵە ئامادەیی حیزبەکەی نیشاندا بۆ یارمەتیی و هاوکاری چ لە شەڕ لە دژی داعش و چ لە سەر یەکڕیزی و یەکدەنگی لەگەل لایەنەکان.
هەروەها سپاس و دەستخۆشی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی کرد لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ داعش دا و ئەم قارەمانەتیەی یەکینەکانی پاراستنی ژنانی وەک وەبیر هێنەرەوەی قارەمانەتی و بەرخۆدانی ژنانی کۆمەڵە لە ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا لە کاتی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران وەسف کرد.
هەروەها سپاس و دەستخۆشی لە لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکانی دهۆک کرد کە توانیان بۆ جارێکیتر یەکڕیزی کورد لە بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا نیشان بدەن.
وەفدی پەیەدە بەنوێنەرایەتیی لەلایەن بەڕێز غەریب حەسۆ سپاس و دەستخۆشی لە هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد و تەئکیدی لەسەر پێوەندیی و هاوکاری دو لایەن کرد و دواتر وەفدی کۆمەڵە بە ڕێزەوە لەلایەن وەفدی پەیەدە بەڕێ کران.