دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨/٦/٢٠١٤ هەیئەتێکی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان کەریم کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندیەکانی هەولێر و محەمەد فەرهادزادە ئەندامی کومسیۆنی پەیوەندیەکانی کۆمەڵە، سەردانی دەفتەری پێوەندییەکانی پارتی ئازادی کوردستانیان کرد کە لە لایەن رزگار عەباس زادە نوێنەری پێوەندییەکانی پارتی ئازادی و رێباز شەریفی کادری پێوەندییەکانی ئەو پارتەوە پێشوازیان لێوە کرا.
لەم دانیشتنەدا سەرەتا قسەو باسێک لەسەر گرژی و ئاڵۆزی ئەو دواییانەی عێڕاق بە گشتی و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستانی باشوور بە تایبەتی و هەڵوێستی کورد لەم بوارەدا خرایە بەر باس و هەردوو لایەن بە پەرۆشیەوە باسێان لەو گۆڕانکاریانە کرد کە هاتوونەتە ئاراوە و هەروەها هەڵوێستی خۆیان لەسەر هاوکاری و هاو ئاهەنگی بۆ یارمەتی هەرێمی کوردستان خستە ڕوو و ئامادەیی خۆیان بۆهەموو جۆرەهاوکارییەک باس کرد.
هەروەها لەم دانیشتنەدا پێویستی هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتیان لە سەر خاڵە هاوبەشەکان باس کرد و هەر دوولایەن ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری و نزیکایەتیی زیاترلەسەر ئاستی نوێنەرایەتیەکانیاندا.