پاش نیوەرۆی ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی رێکەوتی ١١ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی هەیئەتێکی پارتی ئایندەی کوردستانی سووریە سەردانی دەفتەری پەیوەندییەكانی كۆمەڵەیان لە هەولێر كرد.
هەیئەتی میوان بەسەرپەرستی ( سولێمان حووسین ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئایندە لە لایەن هەیئەتی کۆمەڵە بەسەرپەرستی هاوڕێ کەریم کەریمی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە هەولێر بە گەرمی پێشوازییان لێكرا .
لەدیدارەكەدا قسەوباسێكی چڕوپڕ لەسەر رووداو و پێشهاتەكانی کوردستانی رۆژئاوا و ناوچەكەو بەتایبەتی سیاسەتی داگیركارانەی حکوومەتی سووریە و توركیە و ئێران بەرامبەر بە بزوتنەوەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان كرا و، وێرای ئاماژە بە پێشهات و گۆرانکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئێستا ، هەر دوو لا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە بزووتنەوەی كورد ببێتە خاوەنی ستراتیژییەكی هاوبەشی نەتەوەیی و هەموو لایەنەكان بە یەکگرتووی و یەک هەڵوێست بەرەورووی داگیرکاری و پێشێلکردنی مافی کورد و هەر چەشنە ڕووداوی نەخوازراو ببنەوە و خۆیان لە هەرچەشنە ناکۆکی و دووبەرەکی و ئەگەری روودانی شەڕی ناوخۆی بەدور بگرن.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەر دوو لا هاوكاری و یەكگرتوویی نێوان هێزە كوردییەكانیان بە پێویستییەكی حاشا هەڵنەگر زانی و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی هەر دوو لا كردەوە.