سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە ٣ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی رێکەوتی ٢٣ی مانگی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی، هەیئەتێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بەرێز ئەحمەد قەرەمووس هاوسەرۆکی کەنەکە و هاورێیەتی بەرێزان ئاسیە عەبدووڵڵا ،مەروا حەسەن، زەینەب عەلی و یۆسف حەسەن سەردانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەیان کرد و لە لایەن هەیئەتێکی کۆمەڵە بریتی له هاوڕێیان رەزا کەعبی دەبیری هەیئەتی ئیجرایی، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی هەیئەتی ئیجرای، چیمەن جەوانروودی ئەندامی کۆمیسیۆنی رێکخستنی نهێنی و ئارام مودەریسی بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لەو دیدارەدا کە تەوەر و ئەجیندا سەرەکییەکەی بارودۆخی گەلی کورد لە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە و پێوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان بوو، وێرای پێداگری لەسەر پێویستی و گرینگی پێوەندی و هاوکاری و هاوگوتاریی هێزە سیاسیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان، هەیئەتی میوان داوایان لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کرد لە پێناو ئاساییکردنەوە و دامرکاندنەوەی گرژییەکانی ئێستای نێوان هێز و لایەنە کوردییەکان هەموو هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەر. لە بەرامبەردا هاورێ رەزای کەعبی له لایەن هەیئەتی کۆمەڵە وێرای قسەوباسێکی تێروتەسەل و بە پشت بەستن بە بەڵگە و نموونە مێژوویەکان لەسەر گرینگی هاوگوتاری و هاوخەباتی هێز و لایەنە کوردییەکان پێداگری کرد و وێرای جەختکردنەوە لەسەر تایبەتمەندی و شێوازی جۆراوجۆری خەبات لەهەر بەشێکی کوردستان، روانگەی کۆمەڵەی لەبابەت گرینگیدانی کۆمەڵە بە پرۆسەی هاوکاری و هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی گوتاری هاوبەشی نەتەوەیی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی کورد بە گشتی کرد و وێرای ئاماژە بە پێویستی هەنووکەیی پشتگیری و پاراستنی یەکریزی کوردستانی و لەگەڵ قامک خستنەسەر مەترسی و هەرەشەکانی داگیرکەران بۆسەر کۆی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە ناوچەکە و لە پێناو قۆستنەوەی ئەگەر و دەرفەتەکانی بەردەم چارەسەری کێشەی مێژووی گەلی کورد، لە پێناو وەگەرخستنی هەر هەوڵێک بۆ نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزی نێوان حیزب ولایەنە کوردییەکان و بۆ دەستەبەرکردنی کۆدەنگی و هاوکاری نێوان لایەنەکان ئامادەیی خۆی دەربری.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی ٢٣ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی