31ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە، رۆژی نەوەیەك لە فیداكارترینو سەرسەختترین ژنانو پیاوانی خەباتكاری كۆمەڵەو بزوتنەوەی چەپو سوسیالیستی كوردستانە.
رۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێ سەعید موعینی ناسراو بە خانە، كە وەك یەكەمین هاوڕێی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە كاتی جێبەجێكردنی ئەركێكی تەشكیلاتی بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ بزوتنەوی چەكداریی كوردستانی عێراق لەساڵی 1357 گیانی ئازیزی بەختكرد.
لەماوەی چەند دەیەی رابردوو و پاش راپەڕینی جەماوەریی ساڵی 57 كە دەرفەتێك بۆ راپەڕینی دووبارەی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستان فەراهەم بوو، كۆمەڵە وەك رەوتێكی نوێو چەپو سوسیالیستی لەكوردستان هاتەنێو گۆڕەپانی سیاسی كۆمەڵگاو گۆڕانكاری بەسەر هەموو هاوكێشە سیاسییەكان، گوتاری بزوتنەوەو چاوەڕوانیییەكانی خەڵكدا هێناو، بەشێوەیەكی بەرچاو خۆی لەنێو دڵی جەماوەریی خەڵكی كوردستان جێكردەوە. كۆمەڵە كاریگەرییەكی درێژماوەی بەجێهێشت كە زۆرێك لەوانە سەردەمانێك یاساغو بڤە بوون، بەڵام ئێستا وەك نۆرمێكی سروشتیو ئاساییان لێهاتووە.
ئەو ئاسۆ نوێیانەی كە كۆمەڵە لە جەرگەی خەباتو گۆڕانكاریی سیاسیو خەباتی پڕ لە گوڕوتینی خۆی بەرەوڕوی جەماوەری كردەوە، ناوی ئەم رەوتەو رێبەرانو كادرە لاوەكانی تا بەرزترین ئاستەكانی خۆی پاڵ پێوەنا. لە نێو دڵی گۆڕانكارییە سیاسییەكانو رۆڵی داهێنەرانەی كۆمەڵە، هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە سەربەرزانەو بە راوەستاوەییەكی بێوێنە كە بناغەی لە نێو تێڕوانینی نوێو گەشاوەی ئەم رەوتەدا بوو، ناوی كۆمەڵەی هەرچی زیاتر لە كوردستان خۆشەویستتر كردو بووە هەوێنی گەشەی پێگەی كۆمەڵەو پشتگیری بەرینتر لەم رەوتە.
هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە دژی هێرشو پەلامارە بەربڵاوەكانی كۆماری ئیسلامی بۆسەر شارو دێهاتو ناوچەكانی كوردستان، سەرسەختی، بوێریو موقاومەتێكی وەهای لە خۆی نیشاندا كە بە خێرایی ناوی ئەم هێزەی بردە قووڵایی جەماوەری خەڵكی كوردستانو تەنانەت دوژمنانیش. بەشێك لەو شەڕو بەربەرەكانێو خۆڕاگریە درێژماوانەی كە تا ئێستاش لە بیرو زەیندا ماونەتەوە، بە ناوی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە تۆمار كراوە. دەیانو سەدان شەڕو حەماسەی تاك بە تاكی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە ئێستاكە بەشێكی پڕبایەخە لە مێژووی خۆڕاگریو راوەستانی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان. بەڵام هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە هەمانكاتدا كە بە شێوەی بەردەوام ئاستی گەشەی بواری نیزامی خۆی دەبردە سەرەوە، تەنیا وەك هێزێكی چەكداری نیزامی نەناسرا. بەڵكوو هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بە پانتایی كوردستان هێزێكی وشیاری بەخشو پێشڕەوی ئامانجە ئینسانیو ئازادیخوازەكان بوو كە بە خێرایی وەكوو بەرگریكارێكی راستەقینەی كرێكارانو زەحمەتكێشان، لایەنگری ژنانی ستەملێكراو دژی هەر چەشنە دواكەوتووییو كۆنەپەرستیو وەك پێداگری نەسرەوتووی بەرابەریو عەداڵەتی كۆمەڵایەتی پێناسەكرا.
پێشمەرگەی كۆمەڵە هیچ مەجالێكی بۆ كاری وشیاریدەرانەو سیاسیو پەرەدان بە مرۆڤانەترین كردەوەكان لەدەست نەدەدا. لە كونجی ماڵە تاریكەكانی خەڵكی زەحمەتكێشەوە تا وتارە بە گوڕوتینەكانی نێو خۆپیشاندانەكان، پێشمەرگەی كۆمەڵە پێوەرگەلێكی نوێی بەخشیە هێزی پێشمەرگە لە كوردستان كە تا ئەوكات نامۆبوون. كردەوەو كەسایەتیو پەیوەندی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەگەڵ خەڵك، ئەم هێزەو سیمای ئەوانی بۆ هەمیشە لە زەینی خەڵكدا هێشتەوە.
لە هەمانكاتدا هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە نێو جەماوەری خەڵكدا وەك هێزێكی ئازادیخواز، یەكسانیخوازو سیاسیو خاوەن ئاستی بەرزی وشیاری ناسرا. لە هەڵسوكەوت لەگەڵ دیلەكانی شەڕ، كۆمەڵەو هێزی پێشمەرگەكەی، مرۆڤانەترین شێوەیان گرتە پێش كە بە خێرایی هەموو حیزبە سیاسیەكانی دیكە كەم تا زۆر ناچار بە پەیڕەوی لەم شێوە كردەوە بوون، یان لانیكەم نەیاندەتوانی رەفتاری نەشیاوی خۆیان لەگەڵ دیلەكانی مەیدانی شەڕ ئاشكرا بكەن. بەشێك لەو دیلانەی كەوتنە دەستی كۆمەڵە، دواتر بوونە دۆستو یاوەری كۆمەڵەو خەڵكی كوردستانو لە گەیاندنی یارمەتی بە جەماوەری خەڵك چالاكی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
دیسیپلینو پرەنسیپی ناوخۆیی پێشمەرگەی كۆمەڵە، هەڵسووكەوتی لەڕادەبەدەر هاوڕێیانەو فیداكارانە لە نێو ئەم هێزە، خۆنەویستی پێشمەرگەی كۆمەڵە بەرانبەر هاوڕێیانی لە دژواترین كاتەكانی شەڕ ، لە شكۆدارترین دیمەنەكانی خۆڕاگری ئەم قارەمانانەیە. ئەم هێزە بە تایبەت پێداگری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری پێشمەرگە دەكردو لە ناسكترین كاتەكانی خەبات، خوێندنەوەی كتێب، گرتنی سمینارو قسەوباسو لێكدانەوەی بارودۆخ لە تایبەتمەندیەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوو. ئەم هێزە تەنیا بریتی نەبوو لە هێزێكی چەكدار كە فەرمانەكانی سەروی خۆی جێبەجێبكات، بەڵكو لە ژمارەیەكی بەرچاو لەخەباتكارانێك پێكهاتبوو كە بە فیكرو بۆچوونو روانگەیەكی روون چەكدار ببوون. پێشمەرگەی كۆمەڵە پەڕەیەكی زێڕینو بەنرخی بە مێژووی خەباتی خەڵكی كوردستان زیادكردوە. پێوەرەكانی هێزی سەربازیی گۆڕیو پەیوەندیی هێزی پێشمەرگەی سەرلەنوێ پێناسە كردەوە.
ئێستاش كە كوردستان بووەتە سەنگەری خۆڕاگری بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامیو ترسی ئەم رژیمە لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان شاراوە نیە، لە گیانبازییەكانی داهاتوودا پێویستیی حوزوری پێشمەرگەی كۆمەڵە، ئەمجارەیان پوختەترو خاراوتر سەد ئەوەندە دەبێت. گرنگیدان بەم هێزەو پەرەپێدانو راهێنانی هێزی پێشمەرگە یەكێك لەئەركەكانی كۆمەڵەیەو هیچكاتێك نابێت لە ئەجێندای كار بچێتە دەرەوە.
بڕوای تەواومان بەوەیە كە كوردستان لەئاستێكی بەرین جارێكی دیكە دەخرۆشێتو دەورونەقشی كۆمەڵەو پێشمەرگەی كۆمەڵە پێویسترو گرنگتر لە هەر كاتێكی دیكە دەبێت.
رێزو سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بە خانەو هەموو گیانبەختكردووانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەو سەرجەم ئەو خەباتكارانەی لە ریزەكانی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا گیانبازییان كردووە. هەزاران سڵاو بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان كە بە بێ پشتیوانیو خەباتی ئەوان هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە نەیدەتوانی دەورونەقشی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەزاران سڵاو بۆ بنەماڵەی گیانبەختكردووانی كۆمەڵە
دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
31ی جۆزەردانی 1394
21ی ژوەنی 2015