سەرەتا سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ یەکەم پێشمەرگەی گیانبەختکردوی کۆمەڵە، هاوڕی سەعید مۆعینی ناسراو بە “خانە” و، پێداگری لە سەر ئەو رێچکەیە دەکەین کە ئەو رچەشکێنی بوو و لە پێناو دامەزراندن و رێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا وەک یەکەم کەس لەو رێگە پڕ مەترسی و لە هەمانکات پڕسەروەریەدا هەنگاوی ناو و گیانی ئازیزی وەک مۆمێک بۆ رووناک کردنەوەی بواری پێشمەرگانە داگیرساند. هەتا چەوساندنەوە و داگیرکاری لە کوردستان هەبێت هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەک هێزی بەرگریکار لە خواستی رەوای گەڵ و لە نێوان ئەوان دا پاڵپشتی یەکسانیخۆازی رەگەزی و رەخساندنی ژیانی یەکسان بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا هەبێ، یاد و ناوی کاک خانەش هەر بە زیندوی دەمێنێتەوە.
جێگەی خۆیەتی کە لەم رۆژەدا و بەم بۆنەوە جارێکی دیکە تاجەگوڵینەی رێزو وەفا پێشکەش بە یادی ئەو ئازیزانە بکەین کە لە ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا و لە پێناو ئاوادان راگرتنی سەنگەری بەرخۆدان و مل نەدان بە داگیرکەرانی کوردستان سەربەرزانە گیانی ئازیزیان بەخت کرد. هەروەها لە گەڵ بنەماڵەکانیان پەیمان تازەدەکەینەوە کە درێژەدەری رێگای ئازیزانی گیانبەختکردویان دەبین تا وەدیهاتنی ئەوە ئامانجانەی ئەوان لە کە پێناویدا گیانیان بەخت کرد.
سڵاو و رێز و پێزانین بۆ ئەوانەی لە رێزەکانی پێشمەرگەدا بەشێک لە جەستەیان لە دەست داوە بەڵام باوەڕیان بە رزگاری هەروا پۆڵایین ماوەتەوە، هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ ئەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە رۆژێک لە رۆژان لە ریزەکانی کۆمەڵە دا چەکی شانازی بەرگری لە خەڵکیان لە شان کردوە، سڵاو و رێز بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە ئێستە بەشێکن لە بوون و لە سەرپێ وستانی کۆمەڵە.
ئەم ساڵ لە هەلومەرجێکدا رێز لە رۆژی پێشمەرگە دەگرین کە کوردستانی رۆژهەڵات هێشتا میلیتاریزەیە و سەرباری ئەوە ژیانی خەڵک لە ساڵان قۆرسترە و خەڵکی ئازادیخۆازی کوردستان وەک باقی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران باجی سەرەڕۆیی و شەڕخوازی و هەناردەکردنی حوکمڕانی شیعەگەری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سێدارە دەدەن و قەیرانی بێکاری و خەراپی هەلومەرجی ژیان لە گەڵ کەلتووری گەنیوی حوکمڕانی ئیسلامی دیاردەگەلێکی لە کۆمەڵگا بەرهەم هێناوە کە بووتە کارەسات لە سەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا بەگشتی و تایبەتیتر خەڵکی هەژارو کرێکاران و ژنان قوربانی و زەرەرمەندی سەرەکین، خەڵکی خۆڕاگری کوردستانیش جگە لەو پشکەی کە وەک باقی خەڵکی ئێران بەریان دەکەوێت وەکوو کوردیش لە بەر هەڵویستی خۆراگرانەیان و بەشداری کارا و بەرینیان لە خەبات بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە زاڵمەو نەمانی ستەمی نەتەویی، هەروەها دەستەبەر کردنی مافی چارەی خۆنووسین جارێکیتریش دەچەوسێنەوە و نێوەنێوە بە بیانووگەل جۆر بەجۆر یان دەدرێنە بەر دەسڕێژی گوللە یان لە زیندانەکان لە سێدارە دەدرێن.
هەلومەرجی ژیان لە کوردستان ئەوەندە ئەستەمە کە کاسبکاران رۆژانە بۆ دابینکردنی پاروەنانی سەر سفرەیان سینگ بە گوللەوە دەنێن سەرەڕای ئەوەش ئەو ژیانەی کە یەکسانە بەمەرگ پێیان ڕەوا نابینرێت.
هەلومەرجی سیاسی ئێران و ناوچەکە و پێگەی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە و لە ناوەوەش ئەوە دەخوازێ کە پێشمەرگەی کۆمەڵە لە هەر کاتێک زیاتر ئامادەگی چالاکی و کاردانەوەی خێرای بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستان هەبێت و تێبکۆشێت هەرچی زیاتر پێوەندی خۆی لە گەڵ کۆمەڵگا گرێ بداتەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ رێکخراوی دەرەوەی وڵات بە نوێنەرایەتی هەموو ئەندامان و تێکۆشەرانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات خۆمان بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەزانین و بە بوونیان شانازی دەکەین.
٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە خەڵکی یەکسانیخوازی کوردستان پیرۆز بێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ رێکخراوی دەرەوەی وڵات