یەكی مانگی مەی، رۆژی جیهانی هاوپشتیی چینی كرێكارە. هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا بە بەشداریی دەیان میلیۆن كرێكار خۆپیشاندانو رێوڕەسمەكان لەسەراسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت کە نیشانەیەكی دیكەی پێویستیی مرۆڤی ئەمڕۆیە بۆ گۆڕینی جیهان.
ئەو نیزامەی ئێستا بەشی هەرە زۆری مرۆڤی گیرۆدەی موناسەباتی ناعادڵانە كردووە، لە هەمیشە زیاتر مانەوەی بەندە بە چەوسانەوەو بێمافیی زۆربەی دانیشتوانی جیهانەوە. بەردەوامبوونی چەندین شەڕی کۆنەپەرەستانە و بێحاسڵ، كۆچكردنی بەرین بە دووی كارو ژیانێكی ئینسانیدا، بێكاریی بەرین، داشكانی ئاستی بەڕێچوونی جەماوەرێكی گەورە، لەسەركارمانەوەی هارترین حكوومەتەكان، ئایدزو چەندین نەخۆشیی مەترسیداری دیكە لە جیهاندا، فەحشاو گەلێك مەینەتی دیكە سەرەڕای دەسكەوتە گەورەكانی مرۆڤ، ژیانیان لە زۆربەی خەڵكو، بەتایبەت كرێكاران دژوار كردووە. كەمبوونی خواردەمەنیو گرانبوونی خەرجی بەڕێچوون كە زۆر لە ناوەندە نێونەتەوەییەكان وەك هەڕەشەیەك باسی دەكەن، هیوای ژیانێكی باشتریان كەمتر كردووەتەوە. لە وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداری بە هۆی پێشكەوتنی بەرچاوی هەموو بوارەكانی تێكنۆلۆژیو سەنعەت، گوشار لەسەر چینی كرێكارو هەوڵدان بۆ ئەستاندنەوەی دەسكەوتەكانی خەباتیان بووەتە خاڵێكی ئاسایی پلاتفۆرمی حیزبەكانی چینی سەرمایەدار. لە وڵاتانی دیكەی جیهانیش ئایندەیەكی هیوابەخش نزیك نانوێنێ. لە نێو جەنجاڵی مافی مرۆڤدا ئەوەی دەبینرێ پێشێلكردنی ئاشكرای مافی مرۆڤو بوونی چەوسانەوەو دەسەڵاتی دیكتاتۆرەكانە كە بەشێكی بەرینی جیهانی تووشی هەلومەرجێكی ترسناك كردووە. سەرەڕای ئەوەش هەوڵی بەردەوامو خەباتی بێوچانو خوێناویو نابەرابەر بۆ گەیشتن بە ژیانێكی شایستە لەئارادایەو ئەوە پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. یەكەمی مانگی مەی هەموو ساڵێك دەرفەتێكە بۆ كرێكارانی سەرتاسەری جیهان تا یەكگرتووانە ناڕەزایەتیی خۆیان لەم نیزامە ناعادلانەیە بە جیهان رابگەیەنن.
لە ئێران رژیمی ئیسلامی كە زیاتر لە سێ دەیەیە ئێرانی كردووەتە زیندانێكی گەورە، سەركوتكردنی بزووتنەوەی كرێكاریی كردووەتە ئامانجێكی سەرەكیی خۆی. ئەم سەركوتكردنە بۆ داسەپاندنی كۆیلەتییە بەسەر كرێكاراندا. كرێكارانو زەحمەتكێشان دژوارترین ساڵەكانی ژیانو بەڕێچوونیان تێپەڕ دەكەن. لەم ساڵانەی دواییدا بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانو بەتایبەت بزوتنەوەی كرێكاری زۆر بەرچاو بوون. ئەمرۆ لەكاتێكدا رێز لە یەكی مانگی مەی رۆژی جیهانی كرێكار دەگرین كە زیاتر لە هەمیشە بزوتنەوەیەكی بەرینی ناڕەزایی كرێكارانو موعەلیمان باقی توێژەكانی خەڵكی ئێران بۆ دەستبەركردنی مافە رەواكانیان سەری هەڵداوەو لەحاڵی گەشەكردندایە. دەیان كۆبوونەوەی ناڕەزاییو مانگرتنی كرێكارانو خۆپیشاندانی مامۆستایانی قوتابخانەكانی ئێرانو كوردستان بۆ داواكردنی مافەكانیان ئاماژەن بۆ رەوابوونی مافی ئەم توێژە زەحمەتكێشانەی كۆمەڵگاو لیوانلیو بوونی كۆمەڵگای ئێران لە ناعەداڵەتیو ستەمی چینایەتیو كۆمەڵایەتیو نەتەوەیی.
گەشەسەندنی بزوتنەوەی ناڕەزایی كرێكارانو مامۆستایانی قوتابخانەكانی ئێرانو كوردستان لەكاتێكدایە كە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئیسلامی بەرەو رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ رۆژئاوا دەڕۆنو، بۆ جارێكی دیكە لەمێژووی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی جامی ژەهریان خواردەوە. ئەو رێكەوتنە كە هیچ نەبوو جیا لەدۆڕاندنی ئێرانو بەركەوتنی زیانێكی زۆری مادیی، لە میدیاكانی رژیمەوە وەك سەركەوتنێك وێنا كرا. ئەگەرچی دەكرا كۆماری ئیسلامی كە لەم كاتەدا كە وردە وردە ئابلۆقەكانی لەسەر لادەبرێتو رێگەی فرۆشتنی نەوتی بۆ دەكرێتەوە زیاتر گرنگی بەخواستو داواكارییەكانی كرێكارانو خۆشگوزەرانیو ژیانێكی شیاو بۆ هەموو چینو توێژەكانی ئێران بدات، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە سەروەتو سامانی خەڵكانی ئێران تەنیا بۆ بەهێزكردنی هەرچی زیاتر توانی سەربازیی كۆماری ئیسلامیو بۆ درێژەدان بەسیاسەتەكانیان لە عێراقو سوریەو لوبنانو یەمەنو باقی وڵاتانی دیكە خەرج دەكرێت.
یەكی ئەیاری ئەمساڵ لەكاتێكدا كە كۆماری ئیسلامی لەهەر كاتێك زیاتر لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتیو ناڕەزایی ناوخۆییە، بێگومان سەپاندنی هەژارییو ناعەداڵەتی كۆمەڵایەتی بەسەر ملیۆنان بنەماڵەی كرێكاریی و خەڵکی کەم داهات و پەیڕەوكردنی سیاسەتی سەركوتی ناڕەزاییە كرێكارییەكان دادی رژیمی ئێران ناداتو بزوتنەوەی ناڕەزایی كرێكارانی ئێران هاوشان لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایی مامۆستایانو باقی توێژەكانی ئێران لەهەر دەرفەتێك خۆی نیشان دەداتو خوازیاری دەستبەركردنی مافەكانیان دەبن.
كۆمەڵە بە هەموو توانایەوە لە بزووتنەوەی كرێكاری لە ئێرانو لە خەباتو داخوازەكانی كرێكارانی كوردستان پشتیوانی دەكات. كۆمەڵە هەروەها لە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە هەقخوازەكان لە ئێرانو كوردستان پشتیوانی دەكاو هەوڵ دەدا بۆ هەڵخڕاندنو بەهێزكردنیان و، یەكگرتووكردنی ئەو بزووتنەوانە بە ئامانجێكی خۆی دەزانێ. لە مەیداندا بوونی ئەم بزووتنەوانەو كرێكارانو خەڵكی وشیار كە بەرژەوەندی ئێستاو داهاتووی خۆیان دەناسن، دەبێتە هۆی سەركەوتنی راستەقینەو رێگا لەوە دەگرن كە چارەنووسیان لە سەرەوە بە ساتوسەودا دیاری بكرێ. كۆمەڵە دەیهەوێ هێزو توانای بزووتنەوەی هەقخوازانەی كوردستان بكاتە پشتیوانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە ئێران و، هەروەها زیاترین پشتیوانی بۆ بزووتنەوەی كوردستان لە ئێران بەدەست بێنێ. هاوكاریی نێوان هێزە چەپو دیموكراتەكان لە ئێرانو كوردستانو ناوچەكە لە كاتێكدا ئاڵوگۆڕی گەورە بەڕێوەیە، پێویستییەكی راستەقینەیە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
9ی گوڵانی 1394 – 29ی ئەپریلی 2015