كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی ئەو رابەرەیە كە پاش تێپەڕ بوونی 31 ساڵ، هێشتا ورەو وزەو رێبازەكەی بە روونی دیارە بە سەر رەوتی كۆمەڵەو بزوتنەوەی پێشكەوتنخوازی كوردستاندا. لە ساڵوەگەڕی مەرگی ئەو تێكۆشەرە نەسرەوتوەی زۆرلێكراوانو بەشمەینەتاندا، هەر كەسەو بە جۆرێك رێزی لێدەگرێو باسی لێدەكات. هەموان، تەنانەت نەیارانیشی، ناتوانن بە حورمەتەوە لێینەدوێن. كاك فوئاد دوای ئازادیی لە زیندان، یازدە مانگ تەمەنی كردو لەو ماوە كورتەدا بوو بە سیمای ناسراوو خۆشەویستی كوردستانو گشت ئێران.
لەو دەورەیەدا كوردستان جۆشو خرۆشی جەماوەریی بێ وێنەی بە خۆوە بینی، ئاڵوگۆڕی سیاسی گەورە تێیدا روویدا بە جۆرێك كە رۆژانە كاری دەكردە سەر زەینو بیری گشت تاكێكو وشیاری سیاسی بە لێشاو بڵاو دەكردەوە. ئەو مانگانەی دوای راپەڕین، شۆڕشی گەلانی ئێران بەرەو لەبارچوون دەڕۆیشتو دەسەڵاتی رەشی كۆنەپەرەستییو ئیستیبداد تا دەهات زۆرتر خۆی دەسەپاند. هاوكات كۆرپەی ئازادی لە كوردستاندا نەك هەر پێی گرتبوو، بەڵكوو باڵای دەكێشاو لە گەشە بوو و، هیوایەكی نوێی لە هەموو لایەك جێگیر دەكرد. كوردستان لە لایەك ببوە مەكۆی دڵدارانی ئازادیو ئاڵترناتیوی دێمۆكراتیكی كۆماری ئیسلامی تازە پێگرتوو، لە لایەكی دیكەوە چقڵی چاوی كۆنەپەرەستیی بووو وەك وڵاتی یاغی سەیری دەكراو خۆیان بۆ سەركوتو وێران كردنی ئامادە دەكرد.
فوئادی سادەو ساكارو خۆبەخشو تامەزرۆی ئازادیش ئا لەم دەورانەدا قاڵو خاراو بوو و وەك رابەرو هاندەری كۆمەڵە، ئەو دوو رەوتەی ناسیو خۆیشی لەو جۆشو خرۆشەدا گەشەی كرد. ئەو لەو ماوەیەدا كە لەگەڵ هەڵسوكەوتی بزوتنەوەی میلیۆنی خەڵكی كوردستان ژیاو پڕاوپڕ تێكەڵی بوو، وێكخەرو كۆكەرەوە بوو و بۆ یەكجاریش دەوری نەبوو لە دووفاقە كردندا، بە پێچەوانە بەری بە دووفاقەیی دەگرت. ئەو نوێنەری یەكگرتوویی ناو كۆمەڵەو بزوتنەوەی كوردستان بووو زوو فێر بوو كە مامۆستایانەو بە لێوەشاوەیی ئەو دەورە بگێڕێ. هەم لە شورای شاری مەریوان هەوێنی یەكیەتی بوو، هەم لە پێكهێنانی یەكیەتی جوتیارانو پێكەوەنانی كۆمەڵەكانی شارەكان كە هەموو مەیلێكی تێدا بوون، هەم لە پێكهێنانی هەیئەتی نوینەرایەتی خەڵكی كورد بۆ وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت، دەوری گرینگی هەبوو.
هەموومان دەڵێینو دەیسەلمێنین كە ئەو بە راشكاویی سۆسیالیستو لایەنگری چینی چەوساوە بوو و خۆیو رێكخراوەكەی بە پارێزەری بەرژەوەندیی ئەوان لە بزوتنەوەی كوردستاندا دەزانی. ئایا هەموومان نەماندیت كە ئەو پڕاوپڕ پێداگری لەسەر مافی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان دەكرد؟ هەموومان شایەتی نادەین كە چەند دڵسۆزانە حەولی دەدا بۆ پێكەوە كاركردنو پێكەوە حەوانەوەی هەموو رەوتو مەیلە سیاسیەكان؟ مەگەر قبوڵی ناكەین كە چەندە بەرپرسانە تێدەكۆشا تا دەزگاو یەكەیەكی یەكگرتوویی سیاسی بۆ نوێنەرایەتی گەلی كورد پێك بێت، بە بی ئەوە بۆ ساتێكیش جیاوازییە سیاسیو روانگەییەكان بشارێتەوەو سنوری حیزبە سیاسیەكان بشێوێندرێ؟ مەگەر وانەبوو كە كاك فوئاد لەگەڵ ناسۆسیالیستەكانیش دۆست بوو و حەولی دەدا دڕدۆنگی نیوانمان بڕەوێنێتەوەو بۆ كاری هاوبەش متمانە دروست بكات؟ هەموو ئەو ئاكارو رەوشتانە رێبازی ئەو كاتی كۆمەڵە بوونو هەموومان بۆ چەسپانی حەولمان دەداو هاوڕێ فوئادیش كۆمەڵەی رابەری دەكرد تا ئەم بڕوایانە بباتە ناو پراتیك. ئایا هەموو ئەوانە بەو مانا نەبوون كە ئەوكات بەرژەوەندیی گشتیی بزوتنەوەی نەتەوەییو رزگاریخوازی كوردستان، مەبەستو مەنزوری ئێمەی كۆمەڵەو كاك فوئادی رابەر بوو؟ ئایا ئەو مەبەستو مەنزورە دژایەتی بوو لەگەڵ ئاواتو ئامانجی یەكسانیخوازییو رزگاریی ئینسان لە كویلەتیو چەوسانەوە؟ مەگەر ئەو رێبازە نەبوو كۆمەڵەی گەیاندە لوتكەو، لادان لەو خەتە نەبوو كۆمەڵەی تووشی نوشست كرد؟ ئایا كۆمەڵەو كردەوەی ئەو دەورانی نەبوو كە دوای بەدناوییەك كە حیزبی توودە بۆ چەپی ئێرانی بەدیهێنابوو، بۆ یەكەمجار چەپی بردەوە نێو جەماوەرو متمانەی بۆ دروست كردەوە؟ ئایا ئەو كردەوانەی ئەو كاتی كۆمەڵە بیرو بڕوای چەپو یەكسانیخوازیی برەو پێنەداو نەیكردە خۆشەویست لای خەڵكێكی بەرین؟
ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین خەتو كردەوەی ئەوكاتی كۆمەڵە برەوی زۆرتر بوو یان ئەوەی دواتر حیزبی كۆمۆنیستمان لە سەر دروست كرد؟ دڵنیام هەمووان ددانی پێدا دەنێن كە لەو دوو دەورەیەدا لە زۆر بواردا دوو خەتو رێبازی جیاواز هەبوون. من خەتی ئەو كاتی كۆمەڵە بە رێبازی فوئاد دەزانم. دەنا كەسێكی دیكە بە من بڵێ چی بوو رێبازی فوئاد جیا لە كردەوەی جەماوەرییو كۆمەڵایەتی؟
هەموو راستیەكانی ئاماژەیان بۆ كرا دەریدەخەن كە كردەوەی كاك فوئادو خەتی ئەوكاتی كۆمەڵە، یەك رەهەندیی نەبوو. لەگەڵ سۆسیالیسمی تەریكخواز بە تەواوی نامۆ بوو. رێزدانانو گرینگیدان بە بەرژەوەندیی گشتییو فرە رەهەندی، ئامانجی قەت ون نەبووی بوون. جەوهەری ئەو بۆچوونە لەوەدا بوو كە بە پێچەوانەی خەتی تەریكخواز، بە ئەركی یەكسانیخوازەكانی دەزانی كە رێگا بۆ هەموو كۆمەڵگا ببیننەوەو پێكەوە حەوانەوەو دێمۆكراسیو بردنی سیاسەت بۆ شەقامو كۆڵان بكرێتە بنەمای كاریان، نەك هێژمۆنیخوازیی ببێتە ئامانج. جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە تا دیالۆگی سیاسیو قەناعەت پێهێنان بە چەكی هەرە مەزن دابندرێو بایەخی پێبدرێ. بە داخەوەم بڵێم كە هێشتا لە ناو ئەوانەیدا كە بە رەوتی كۆمەڵە خۆیان دەناسێنن، هەن لایەنی وا كە تەنانەت دورەپەرێزی دەكەن لە دیالۆگو كاری هاوبەش پێكەوە، چ بگا بەوەی بوێرن لەگەڵ لایەنی ناكۆمەڵەدا هەنگاو هەڵبێنن. بۆیە پێموایە دەبێ لە ساڵیادی مەرگی كاك فوئادداو ئەو هەلومەرجەی ئێستای ئێرانو كوردستاندا كە روو لە گۆڕانە بە راشكاوییو بویرانە دەنگ بەرز بكەینەوەو پێداگری بكەین لەسەر یەكسانیخوازییو دیالۆگی نیوان رەوتی كۆمەڵەو هەنگاونان بۆ هاوكاری لەگەڵ هەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستان. ئەمە سیاسەتی فرە رەهەندییەو رێگای دووبارە خۆگرتنەوەی كۆمەڵەو گەشەی بزاوتی رزگاریخوازی كوردستانە. كۆمەڵە فرچكی بەوە گرتووە كە حیزبی فرەرەهەندییو چەند بزاوتی بێ، با هەموومان بۆ بوژاندنەوەی زۆرتری ئەو رێبازە تێبكۆشین.