دوێنی دووشەممە 20ی جولای تیرۆریستان لە تەقینەوەیەكدا لە شاری پرسوس لە باكوری كوردستان ژمارەیەك لاوی سوسیالیستو ئازادیخوازی كوردیان شەهیدو بریندار كرد.
هەوڵی تیرۆریستان لەكاتێكدایە كە گەلی كورد رۆژانە شاهیدی سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانان لە باشورو رۆژئاوای كوردستانن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، هەروەها سەركەوتنی كورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی باكوری كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی دوژمنانی كورد چاویان بەو سەركەوتنانە هەڵنەیتو بە ئەنجامدانی كردوەی تیرۆریستی وەك كردەوە تیرۆریستییەكەی پرسوس زیان بە ئەزمونو سەركەوتنەكانی كورد بگەیەنن.
ئێمە تەقینەوەكەی شاری پرسوس مەحكوم دەكەین. ئەمەش یەكەمجار نیە هەوڵی تیرۆریستی دژ بە خەڵكی كورد لەباكوری كوردستان ئەنجام نەدرێت بۆیە ئێمە دەوڵەتی توركیا بە بەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی ماڵو ژیانی خەڵكی باكوری كوردستانو داواكاریشین دەوڵەتو دەزگا ئەمنییەكانی توركیا بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تاوانبارانی تەقینەوەكە هەوڵەكانی خۆیان بخەنەگەڕ.
هەروەها سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختكردوانی ئەو رووداوە دڵتەزێنە دەكەینو هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی تەقینەوەكە دەخوازین.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
21ی جولای 2015 – 30ی پوشپەڕی 1394