پێشنیوەرۆ پێنجشەممە 28ی ژانویەی 2021 لەسەر بانگهێشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستان بە بەشداری وەفدی حیزبەكانی ئەندام لەو ناوەندەدا بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە بە چەند ساتێك راگرتنی بێدەنگی بۆ یادی سەرجەم شەھیدان و گیانبەختكردوانی رێگای ئازادیو رزگاری كوردستانو یادی ئەو پێنج كۆڵبەرە لاوەی لە رۆژانی رابردوودا لەناوچەی ورمێ گیانیان لەدەستدابوو دەستی پێكرد.
دواتر راپۆرتی كاری ئەم دەورەی ناوەند كە بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستاندا بوو خوێندرایەوە.
لەتەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە كە تەرخان كرابوو بۆ شەپۆلی ئەم دواییەی دەستگیركردنو بانگهێشتكردنی چالاكوانانی مەدەنیو ژینگەپارێزی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی، كە تێیدا بە ئاماژە بە چوونەسەرەوەی ئاماری گیراوەكانو شێوازی دڕندانەی دەستگیركردنیانو بێسەروشوێن بونیان، ئەم هێرشە تازەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر بزوتنەوەی مەدەنی خەڵكی كوردستان قسەوباسی لەسەر كراو ناوەند بڕیاریدا هەموو هەوڵەكانی خۆی لە ناوخۆی كوردستان بۆ یەكدەنگی زیاتری نێوان خەڵك و بزوتنەوەی مەدەنیو، پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی گیراوەكان بخاتەگەڕو بە هەموو شێوازێكی گونجاو لەبەرامبەر ئەم رەشبگیرییەی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان پشتیوانی لە بنەماڵەی گیراوەكانو خەڵكی كوردستان بكات.
هەروەها بڕیاردرا لە دەرەوەی وڵات ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە قاوبدرێتو بە بەشداری هەموو كوردانی دەرەوەی وڵات لە رێكخستنی كەمپین بۆ ئازادیی هەرچی زووتری گیراوەكان بەردەوام بێتو ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤی لێ ئاگادار بكرێتەوە.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە چەندین بەڵگەنامەی كاری ناوەند قسەوباسو بڕیاری پێویستی لەسەر دراو لەكۆتاییشدا بەرپرسیارێتی دەورەیی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەلایەن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە رادەستی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كرا.