ڕۆژی ٣ی جۆزەردان،٢٤ی مانگی مەی ٢٠٢٢، كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە بەشداری بەرپرسانی یەكەمی حیزبەكانی ئەندام و بە میوانداریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بۆ ماوەی ٦ كات ژمێر بەڕێوە چوو.
سەرەتای كۆبوونەوە بەڕێز هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان وەك بەرپرسی دەورەیی ناوەند بە گەرمی بەخێرهاتنی لایەنەكانی كرد و بە پەسەند گەیاندنی ئاجێندای كۆبوونەوەكە دەرگای گفتوگۆی لەسەر تەورەكان واڵا كرد .
دواتر بەڕێز كاك خالیدی عەزیزی سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەورەی پێشووی ناوەند سەبارەت بە كارو چالاكییەكانی ناوەند لەدەورەی پێشوو قسەوباسێكی پێشكەش كردو راپۆرتی كارو چالاكییەكان لەلایەن تیمی حیزبی دیموكراتی كوردستان خوێندرایەوە.
تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی كوردستان و ئێران و ناوچەكە و ئەركە سەرەكییەكانی ناوەند، درایە بەر باس.
لەو بەشەی ئاجێندا دا بەتایبەتی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانەی لەماوەی چەند هەفتەی رابردوو لە شارەكانی ئێران و كوردستان بەڕێوەچوو، داهاتوی ئەو بزوتنەوەیە، هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەكی كۆماری ئیسلامی، هەلومەرجی سیاسی و ناكۆكییەكان لەو ناوچەیە و شەڕی روسیە و ئۆكراین و كاریگەرییەكانی خرایە بەرباس و لێكۆڵینەوە. لەمبارەوە هەریەك لە بەڕێزان: كاك خالیدی عەزیزی سكرتێری حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، كاك حەمە نەزیفی قادری جێگری دووەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كاك عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و كاك عومەر ئێلخانیزادە قسەوباسێكی چڕوپڕیان لەسەر بارودۆخی ئێران و كوردستان و ناوچەكە، ئەگەرەكانی داهاتوو و سەرەكیترین ئەركەكانی ناوەند، پێشكەش كرد.
هەروەها بەرێز كاك مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەشێكی ئەو كۆبوونەوەیە بە شێوەی ئۆنلاین بەشداری كرد و ڕاو بۆچوونی خۆی باس كرد.
لەو باسەدا لایەنەكانی ئەندامی ناوەند كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە ناڕەزاییەكان لە ئێران نەك هەر بەردەوام دەبێت، بەڵكوو بە ڕۆشنی سیستەم و گشت دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كردۆتە ئامانج. بەشداربووان لەو بڕوایەدا بوون كە كۆماری ئیسلامی كە لەناوخۆ و ناوچەكەشدا توشی قەیران بووە بە ئاسان ناتوانێ لێی دەرباز بێت و بە سیاسەتی سەركوت بۆی چارەسەر ناكرێت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ناڕەزاییەكانی خەڵك بۆ گەیشتن بە داخوازییەكانی پێویستی بە هاوئاهەنگی و رێكخستنی زۆرترە. تەئكید كرا كە ئەو ناڕەزایی و خەباتە جەماوەرییە گەشتوەتە ئاستێك كە بۆ بەردەوامی و سەركەوتن بەسەر رژیمدا پێویستی بە پێكهاتنی ناوەند و سازەی سیاسی هاوئاهەنگ و یەكگرتوو هەیە بۆ رابەریكردن و سەرخستن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەدا لە باسەكاندا پێداگری لەسەر دوو ئەركی سەرەكی لە كاری دەورەی داهاتوی ناوەنددا كرایەوە:
یەكەم: بە هاودەنگی ئێستای ناوەند و ئەزمونی كوردستان لە پێشوتردا، جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە ناوەند و حیزبەكانی كوردستانی ئێران پێویستە بە یەكگرتووییەكی سازماندراو و وەك سازەیەكی نەتەوەیی بەرەوڕووی ئەو هەلومەرجە ببنەوە و بۆ بوون بە ناوەندێكی سیاسی بەڕێوەبەر لە كوردستاندا، هەنگاوەكانیان خێراتر بكەن. بۆ ئەو مەبەستە، تاوتوێكردنی هەندێك میكانیزمی گونجاو و پێویست خرایە ئاجێندای زووی كۆبوونەوەكانی داهاتووی ناوەند كە كاریان لەسەر بكرێ.
دووهەم: هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە بە هۆی یەكگرتوویی زۆرتری هێزە سیاسییەكانی كوردستان و دەركەوتنی زیاتری قورسایی بزوتنەوەی كوردستان، پێویستە ناوەند لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی دەورێكی زۆرتر بگێرێ بۆ پێكهێنانی ڕابەری و ئاڵترناتیو و بۆ جێخستنی زۆرتری داخوازییەكانی كوردستان.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ پەیوەندیدار بە كاری ناوەند، لەوانە پەرەدان بە چالاكی نێو نەتەوەیی خرایە بەر باس و ئەولەویەتەكانی كاری داهاتووی ناوەندی هاوكاری دەسنیشان كرا.