بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كومیتەی سوئیس رۆژی 9ی مارس سمینارێكی سیاسی لەو وڵاتە ساز كرد.
سمینارەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمیی كۆمەڵەو چەن ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هەموو گیانبەختكردوانی رێگەی مافەكانی ژنان، ئازادیو یەكسانیی دەستی پێكرد.
پانێلی یەكەمی سمینارەكە لەلایەن هاوڕێ فەریبا محەمەدی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشكەش كرا كە تێیدا قسەوباسێكی لەسەر مافەكانی ژنان و ئەو بارودۆخە جیهانییو ناوچەییەی كە ئەمرۆ ژنانی كوردستانو ئێران تێدا بەسەردەبەن پێشكەش كرد. كە لەلایەن بەشداربوانەوە بە پرسیارو تێبینی پێشوازی لێكرا.
لەبەشێكی دیكەی سمینارەكەدا پەیامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز ئەنوەر بردیاو، پەیامی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەلایەن بەڕێز سۆران مورادی خوێنرایەوە.
بەشی دووەمی سمینارەكە تایبەت بوو بە وتەكانی هونەرمەند نازی عەزیزی كە تێیدا ئەزمونەكانی خۆ وەك ژنێكی هونەرمەندو كێشەكانی ژنان لە كوردستان باس كرد. نازی عەزیزی دواتر چەند گۆرانییەكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد.
لەسمینارەكەدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژن لەلایەن كومیتەی ئامادەكار گوڵ پێشكەش بە ئامادەبووان كرا. رێوڕەسمەكە بە شادی وهەڵپەڕكێ كۆتایی پێهات.