دوابەدوای ڕاگەیاندنی گرانبوونی نرخی بێنزین بە ڕێژەی ٣٠٠% لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، ناڕەزاییەتییەکی بەربڵاوی خەڵکی سەرانسەری ئێران و زیاتر لە ١٤ شاری کوردستانی ئێرانی گرتەوە.
شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە کە لە وڵاتێکی دیکتاتۆری لێدراو و لە سێبەری ڕێژیمێکی گەندەڵی وەک کۆماری ئیسلامیدا نرخی پێداویستی خەڵکی هەڵکشانێکی خەیاڵی بەخۆیەوە ببینێت و لە ڕابروودشدا هەرکاتێک نرخی بێنزین لەلایەن حکومەتەوە زیادیکردبێت بەدوای ئەودا نرخی سەرجەم خۆراک و پێداویستییەکانی ژیان هەڵکشاوە هەربۆیەش نرخی بێنزین بۆتە بناغەیەک بۆ گرانی لە ئێراندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەوشی ژیانی خەڵک لە دۆخێکی ناسەقیمگیردایە و زیاتر لە ٦٠% خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و کە گرانتربوونی نرخی بێنزین ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی دەخاتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و بێ توانایان دەکات لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان.
لەو خۆپێشاندانانەدا بەداخەوە چوار خۆپێشاندەر لە شاری مەریوان بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید كران و بەدەیان خۆپێشاندەری دیکە لە شارەکانی مەریوان،کرماشان و سنە و شارەکانی تر برینداربوون، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە وەڵامی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵاهاتووی بە گوللە و باتووم و تووندوتیژی دایەوە.
(ئێمە ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات)، پشتگیری خۆمان لە خۆپێشاندانی ڕەوا و بەرهەقی خەڵکی مافخوراوی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕادەگەیێنین و دەربڕینی ناڕەزاییەتی لە هەمبەر نادادپەروەری بە مافی خەڵک دەزانین و هەروەها داواکارین لە لاوانی ڕۆژهەڵات وەکوو فاکتەرێکی کاریگەر و سەرەکی لە بزوتنەوەی یەکسانیخوازیی گەلەکەمان لەسەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تر خاوەن هەڵوێست بن و لە بەرامبەر کوشتن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران ناڕەزاییەتی دەرببڕن و( لە بەرانبەرهێزە سەرکوتکەرەکان بەرگری لە خۆیان بکەن) تا گەیشتن بە خواستەکانیان و شکست هێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆر دژەخەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بن.
ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات
– ڕێکخراوی لاوانی پێشڕەو
– ڕێکخراوی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات
RAK- ڕێکخراوی لاوانی ئازادی کوردستان-
– ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
– یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران