کاتژمێر ٢ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە ٨ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی،لە ساڵۆنی شەهید ئێحسان فەتاحییان لە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن رێورەسمێک بەرێوە چوو.
ئەم رێورەسمە بە خوێندنەوەی کورتەیەک لە مێژووی ٨ی مارس لە لایەن هاورێ ژیلا رەشیدی و سروودی بانگەواز دەستی پێکرد و،پاشان بۆ رێزگرتن لە یادی هەموو گیانبەختکردووانی خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی،بەشداربووان دەقیقەیەک بە بێدەنگی وەستان.
دواتر و پاش بڵاوبوونەوەی سروودێکی شۆرشگێرانە پەیامی رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بەم بۆنەوە لە لایەن هاورێ نارین کەریمی خوێندرایەوە.
بەشێکی دیکەی ئەم رێورەسمە تەرخانکرابوو بۆ پانێلێک سەبارەت بە پرسی ژن وپێگەی ژنان لە ئاستە جیاوازەکانی سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی و پێگەی خەباتی ژنان لە ئێران و کوردستان.
لەم پانێلەدا کە لە لایەن هاورێ سروە مستەفازادەوە بەرێوە چوو، هەریەک لە هێمن بایزیدپوور مامۆستای زانکۆ و کادری ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە ،چیمەن جەوانروودی راهێنەر و توێژەری کۆمەڵایەتی وئەندامی کۆمەڵە،ژیلا ئەحمەدی کادری راگەیاندنی کۆمەڵە و چالاکی بواری ژنان و تەها عەلینژاد خوێندکاری قۆناغی دوکتورا لە زانستە سیاسییەکان و کادری راگەیاندنی کۆمەڵە،لە گۆشەنیگای خۆیانەوە پێگەی ژنان و خەباتی ژنانیان لە ئێران وکوردستان شیکردەوە و،دەرفەتەکان وئاستەنگەکانی بەردەم خەباتی مافخوازانەی ژنانیان شرۆڤە کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم رێورەسمەدا پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس خوێندرایەوە.
ئەم رێورەسمە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاورێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەرێوە چوو،بە خوێندنەوەی شێعر و،لە نێو گۆرانی و شایی و هەڵپەرکێی ژنان وپیاوانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا پاش سێ کاتژمێر کۆتایی هات.