رۆژی ٦ی رێبەندانی ئەمساڵ، ٣٨ ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێدەپەرێ کە هێزەکانی سپای پاسدارانی رژیمی ئیسلامی لە هێرشێکی بەربڵاودا بۆ سەر ئاواییەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی مهاباد وێرای کاولکاری و دزی وتاڵانی سەروماڵی خەڵکی ئەو ناوچەیە،لە کردەوەیەکی درندانەدا زیاتر لە ٤٢ کەس لە دانیشتوانی ئاواییەکانی سەوزی و قەرەگۆل و کەلبەرەزاخان(سەرچنار) یان قەتڵی عام کرد.
ناوچەی چۆمی مەجیدخان ،ناوچەیەکی بەرفراوان و ئاوەدان و پرپیتە کە لە نێوان شارەکانی میاندواو و بۆکان ومهاباد دا هەلکەوتووە و،خەڵکێکی نیشتمانپەروەری تێدا دەژی.حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەمین رۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە هەوڵیدا بە کەڵک وەرگرتن لە نزیکبوون و تێکەڵاوی نێوان دانیشتوانی کورد و تورکی ناوچەکە ئاگری کێشە و دوژمنایەتی لە نێوان کورد و تورک خۆش بکا و بەمجۆرە سنوورێکی دەستکرد لە دوژمنایەتی نێوان ئەو دوو نەتەوەیەی دانیشتووی ناوچەکە هەڵبەستێ.بەڵام بە هۆی پێوەندی قووڵ و لە مێژینەی کۆمەڵایەتی نێوان دانیشتوانی ناوچەکە ئەو پیلانەی رژیم سەری نەگرت و مایەپووچ مایەوە.سەرەرای ئەوەیکە ناوچەی چۆمی مەجیدخان پێگەیەکی گرینگ و خەڵکەکەی کۆڵەکەیەکی سەرەکی شۆرشی کوردستان بوون و زۆربەی هێرش و پەلامارەکانی هێزەکانی رژیمیان بۆسەر ناوچەکەی خۆیان و گووند ودێهاتەکانی ناوچەی شامات تێکشکاندبوو و بە شەو رۆژ ئاواییەکانی چۆمی مەجیدخان لە ژێر تۆپباران و خۆمپارەبارانی هێزەکانی رژیم دابوون،بەلام پێوەندی کۆمەڵایەتی خۆیان لەگەڵ دانیشتوانی تورکی ناوچەکە هەر وا بە گەرمی و دۆستانە پاراستبوو.کەم نەبوون تێکۆشەرانی سەر بە نەتەوەی تورک کە بۆ درێژەدانی خەبات لە دژی رژیمی سەرکوتگەری کۆماری تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی لە ناوچەی چۆمی مەجید خان گیرسابوونەوە.
رژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە پیلانی دۆژمنکارانەی بۆ سازکردنی شەر و ئاژاوەی نێوان دانیشتوانی تورک و کوردی ناوچەکە شکستی خواردبوو،و گەلێک زەبری کاریگەری لەدەست هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە بەرکەوتبوو،بەرەبەیانی رۆژی ٣١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە هێزێکی زۆر و پرچەکەوە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیە هێرشێکی فراوانی هێنایە سەر ئاواییەکانی ناوچەکە .ئەو هێرشەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم هێرشی فرۆکەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق بۆسەر فرۆکەخانەی مێهرابادی تاران و دەستپێکردنی راستەوخۆی شەری نێوان حکوومەتی ئێران وحکوومەتی بەعسی عێراق .ئەو رووداوە بوو بە هۆکاری شڵەژانی هێزەکانی رژیم ، نێوەرۆی ئەو رۆژە بە شێوەیەکی لەناکاو پاشەکشەیان کرد و بەرەو شاری میاندواو گەرانەوە.
سەرەنجام رژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی کە رق و قینێکی دوژمنکارانەی لە خەڵکی کوردستان هەڵگرتبوو،رۆژی ٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی ،رێکەوتی ٢٦ی ژانوییەی ١٩٨٣ی زایینی،بە شێوەیەکی درندانە پەلاماری ئاواییەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخانی دا. ئەو هێزەی رژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی کە بە هەستێکی پر لە قین و دوژمنکارانە دنە درابوون،بە شێوەیەکی یەکجار درندانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و مەزرای خەڵک و دەستیان کرد بە تاڵانکردنی سەروەت وسامانی خەڵکی ناوچەکە و گەلێک خانوو و گیشەگیا و کادێن و ئاوردووی خەڵکیان ئاگر تێبەردا و ژمارەیەک خەڵکی بەساڵاچوو و نەخۆشی جەستییان لە ئاواییەکانی سەرچنار و سەوزی و قەرەگۆل دەستبەسەر کرد کە لەبەر پەککەوتوویی جەستەیی و نەخۆشی و بە هۆی کەش و هەوای تووش وسارد و بەستەڵەکی مانگی رێبەندانی ئەوساڵە ، نەیانتوانیبوو خۆیان لەو هێرشەی هێزەکانی رژیم دەرباز بکەن.پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لەوپەری وەحشیگەریدا بە سەرەنێزە و قەمە و فیشەک کەوتنە گیانی دەستبەسەرکراوەکان کە لە پیرەپیاوی تەمەن ١٠٠ ساڵەوە هەتا مێرمنداڵی ١٢ ساڵیان تێدابوو.پاش ئەم کوشتارە بێ رەحمانەیە، تەرمی شەهیدەکانی ئەو کارەساتە هەتا ماوەیەکی زۆر بە هۆی چوڵ بوونی دێهاتەکان و ئاوارە بوونی دانیشتوانی ناوچەکە،لە ژێر پرد وقەراغ رێگای نێوان ئاوایی سەرچنار و ئاوایی قەرگۆل لە نێو بەفر و سەهۆڵ دا مابوونەوە و کەسوکاریان و خەڵکی ناوچەکە لەبەر مەترسی و درندەیی چەکدارەکانی سپای پاسداران نەیاندەتوانی تەرمەکان هەڵگرنەوە و ئەسپەردەیان بکەن.
لە یادی ٣٩ساڵەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەدا،ویرای ئەوەیکە خوازیارین دەسەڵاتدارانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وەک بریاردەر و بەرێوەبەرانی ئەو جینایەتە و سەدان و هەزاران کارەسات وجینایەتیتری لەم چەشنە دەرحەق بە خەڵکی بێتاوان و سڤیلی کوردستان لە دادگایەکی عادڵانە وجەماوەریدا بە سزای تاوانەکانیان بگەن،سەری رێز ونەوازش دادەنوێنین بەرامبەر بە گیانی پاکی قوربانیانی کارەساتی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان.
ناوی ژمارەیەک لە قوربانیانییەکانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بریتین لە:
١- مەلا عەلی بادینی ،تەمەن ٥٠ ساڵ
٢- عومەر پیرۆتەسوور ،تەمەن ٣٥ ساڵ
٣- عەلی سالک، تەمەن ٥٠ ساڵ
٤- رەحمان سالک،تەمەن ٢٠ ساڵ
٥- مەلا عەلی شازدە،تەمەن ٤٠ ساڵ
٦- کامیل شازدە،تەمەن ١٢ ساڵ
٧- مەحموود پیرۆتەسوور، تەمەن ١٤ ساڵ
٨- مستەفا شامە، تەمەن ٤٠ ساڵ
٩- مەحموود عەبدوڵڵا ئەسڵ،تەمەن ٤٥ ساڵ
١٠- حاجی مەحموود سالک،تەمەن ٩٥ ساڵ
١١- حاجی محەممەد مەرزینگ،تەمەن ٧٠ ساڵ
١٢- مامەند قەرەنی،تەمەن ١٢ ساڵ
١٣- عوسمان مەرزینگ،تەمەن ٣٥ ساڵ
١٤- مەحموود مەرزینگ،تەمەن ٣٠ ساڵە
١٥- ئیبراهیم خەیاتی ،تەمەن ٥٠ ساڵ
١٦- مەحموود چەمەنی،تەمەن ٢٠ ساڵ
١٧- ئەبووبەکر پەیام،تەمەن ٣٠ ساڵ
١٨- محەممەدئەمین قوربانی ئەقدەم،تەمەن ٤٠ ساڵ
١٩- سۆفی محەممەد ئەمین ئەحمەدی،تەمەن ٩٠ ساڵ
٢٠- حاجی مستەفا چاوە،تەمەن ١٠٠ ساڵ
٢١- حەسەن دیوارە،تەمەن ٣٠ ساڵ
٢٢- ئەبووبەکری فەنایی، تەمەن ٢٢ ساڵ
٢٣- عوسمان فەنایی، تەمەن ٢٠ ساڵ
٢٤- کوبرا مسگەری،تەمەن ١٧ ساڵ
٢٥- ؟ بووکی ماڵی سوڵتانی مارف(سەرچنار) ،تەمەن ٤٢ ساڵ
٢٦- زێنەب دلئارام،تەمەن ٤٠ ساڵ
٢٧- محێدین ئامانی،تەمەن ٤٠ ساڵ( ناوبراو کەم ئەندام بووە)
تێبینی: ( بە سپاسەوە لە ئارشیوی بەرێز کاک برایمی قەزاق کەڵک وەرگیراوە)