لە رۆژانی سەرەتای مانگی ژانوییەدا کە لەراستیدا لە رووی پێشهات و رووداوە جۆراوجۆرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستییەکان و،ئەگەری گۆرانکارییە کاریگەرەکانی ناوچەییەوە لە هەرە رۆژە گەرمەکانی بەردەممانن،کۆماری ئیسلامی وەک لایەن و هۆکارێکی سەرەکی ئەم کێشمەکێش و ململانێیانە، بە دەست بەسەرداگرتنی پاپۆرێکی بارهەڵگری کۆرەی باشوور و گلدانەوەی زۆرەملێی ئەو پاپۆرە لە بەندەرعەبباس،وەک سەنتەری ئاژاوە و بشێوینانەوە بوو بە چەقی سەرنج و روانینی ناوەندە جۆراوجۆرە جیهانییەکان.
هەرچەند هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران لە کاتێکدا و بە بیانووی پرۆپووچی پیسکردنی ژینگە لە هەوڵی پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کارەی خۆیانن ،بەڵام دژکردەوەی خێرای کۆرەی باشوور بە ناردنی هێزی تایبەتی “بەرەنگاربوونەوەی دزە دەریاییەکان” و بارودۆخی تایبەت و هەستیاری جیهانی و ناوچەیی و پەلەقاژەکانی رژیم بۆ خۆقوتارکردن لەو دۆخە نالەبارە و پێشینەی پیلانگێریی لەم چەشنە،سیاسەتی بارمتەگرتن بە مەبەستی سیاسی و ئابووری و نیزامی رژیمی ئیسلامی بە رۆشنی خستەبەرچاو.
لەراستیدا و لە کاتێکدا کە بە پێی راپۆرتی رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران و بە هۆی جێگیرکردنی دەیان پادگان وبنکەی سەربازی و مووشەکیی سپای پاسداران وجموجۆڵی هێزە جۆراوجۆر سەربازییەکانی رژیم لە کەناراوەکانی باشووری ئێران،یەکێک لە هۆکارە گرینگ وسەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە و مەترسی تێداچوونی زیندەوەرە ئاوێیەکانی کەنداو خودی سپای پاسدارانە، بیانووی پیسکردنی ژینگە وەک هۆکاری دەستبەسەرداگرتنی ئەو پاپۆرە،پاساوێکی لاواز و گاڵتەئامێزە.بە تایبەت بەم هۆکارانەی خوارەوە هیچ گۆمانێک بۆ سەلماندنی پرۆژەیەکی لەپێشدا دیاریکراوی بەرنامەبۆدارێژراو بە مەبەستی قۆستنەوەی هەلی سیاسی و ئابووری و نیزامی رژیمی ئیسلامی نامێنێتەوە.
١-هەرچەند وڵاتی کۆرەی باشوور وەک هێندێک لە ولاتانی ناوچەکە پێوەندییەکی ئاسایی و دۆستانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە و بە پێی وتەی کارناسان و چاودێرانی سیاسی و ئابووری کۆماری ئیسلامی کۆرەی باشووری وەک ناوەندێکی لەبار بۆ رێکخستن و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی بازار وئابووری خۆی بەکار هێناوە و، کۆرەی باشوریش لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە بە هۆی کرینی نەوت قەرزداری ئێرانە کە لە ژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئامریکادا و سەرەرای هەوڵەکان وچاوەروانییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بەڵام ملی نەدا بە شکاندنی بریاری دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی ئێران لە دەرەوە و ئەو بڕە قەرزەی بۆ ئێران نەگێرایەوە کە نزیکەی هەشت ملیارد دۆلارە.
٢-حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەستی داوەتە ئەو رێگری وچەتەگەرییە دەریاییە کە زیاتر لە هەموو کاتێک پێگەی لە ئاوەکانی کەنداودا لاوازە و بە هۆی هەرەشەکانی لەبابەت رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و داخستنی باریکەرێی ستراتژیکی هۆرمۆز،ئامادەبوونی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و،هاوکات تەبایی و یەکگرتوویی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو لە ژێر چاوەدێری و راسپاردەکانی ئامریکا روولەزیاد بوونە و،پرۆسەی ئاسایی بوونەوەی پێوەندی نێوان ئیسرائیل و ولاتانی کەنداو بازنەی گەمارۆکانی ئێرانی تەنگتر کردۆتەوە.هەر لە درێژەی رەوتی تەریکخستنەوەی زیاتری ئێران و هاوکات لەگەڵ ئەم رێگرییە دەریاییەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە دانیشتنی ٤١یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدا لە سعوودیە و بە ئاسایی بوونەوەی پێوەندی ولاتانی ناوچەکە لەگەڵ قەتەر دەرفەتی دەستێوەردان و مانۆری ئێران زۆر کەمتر بۆتەوە.هەر بۆیە حکوومەتی ئێران بۆ شاردنەوەی نیگەرانییەکانی خۆی و لە درێژەی سیاسەتی هێژمونخوازی خۆیدا و بۆ سەلماندنی ئەوەیکە گۆیا ژاندارمی کەنداوە دەستی بۆ ئەم پاپۆرە کۆرەییە برد و بە سەرنشینەکانییەوە بە بارمتەی گرتووە.
٣- کۆماری ئیسلامی پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەو زنجیرە شکستە ئابرووبەرانەیەی کە لە ناوچەکە تووشی بووە،لە یەک ساڵی رابردوودا وسەرەرای ئەو دۆخە نالەبارە ئابوورییەی بەرۆکی کۆمەڵگای ئێرانی گرتووە و هەموو بنەماکانی ژیانی هاوڵاتیانی لەگەڵ مەترسی دارمان و تێداچوون بەرەوروو کردوەتەوە، بە خەرجکردن و تەرخانکردنی پووڵ و تێچوویەکی خەیاڵی و بە سازدان ورێکخستنی تاقم و گرووپی جۆراجۆری رادیکاڵ و تووندئاژوو لە وڵاتانی ناوچەکە و پرچەککردنیان و ،بە دنەدانی هەستی دژەئامریکایی لە ناوچەکە و ،بە فروفیشاڵ و خۆرانان بەوەیەکە گۆیا لە ساڵرۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا بە هێرشکردنە سەر هێز وبەرژەوەندییەکانی ئامریکا و تەنانەت وڵاتانی دۆست وهاوپەیمانی ئامریکا،تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکاتەوە،سەرنجی بیرورای گشتی بە تایبەت لە رۆژی ٣ی ژانوییەدا کە ساڵرۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی بوو بەرەو ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران راکێشابوو، بۆ خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی هەرەشەکانیان و بە لارێدابردنی ئەو سەرنجەی لەوبارەوە خرابووە سەریان پێویستیان بە نانەوەی ئاڵۆزی و سازکردنی قەیرانێکی لاوەکی بوو.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە کۆماری ئیسلامی دەربازبوونی خۆی و لەسەرپێراگرتنی ئەم سیستمە لەرزۆک ودارووخاوەی خۆی بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە گریداوە:
یەکەم، وەگەرخستنەوەی گەڕێکی نوێ لە دانووستاندن و وتووێژ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی و زیندووکردنەوەی رێکەوتنی ناسراو بە “بەرجام” و،بە مەبەستی سەپاندنی ئامانجەکان و بالادەستی خۆی لەئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکاندا،لە لایەکەوە دەستی بردووە بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەدان بە پرۆژەی مووشەکی و،لە لایەکیترەوە لە رێگای نانەوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکە و هەرەشەی کردەوەی شەرخوازانە بووەتە مەترسی بۆسەر ئەمنییەت وئاسایشی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری لە ناوچەکە.
دووهەم: سەرکووتی بزووتنەوە سیاسی و مەدەنی و جەماوەرییەکان و، کپکردنی دەنگی بیرجیاوازان و رەخنەگران و نارازییەکانی ناوخۆ و داسەپاندنی کەشی ترس وتۆقاندن و داپڵۆسین بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و بەدەستەوەگرتنی هەموو جومگە ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی وڵات.
ئەم مافیای دەسەڵاتە لە پێناو مەیلی هەوسارپساوی دەسەڵاتخوازیی خۆیدا لەچەشنی قوماربازێکی دەستبەتاڵ و ئیفلاسکردوو، لەسەر ژیان و مان و نەمانی خەڵکی ئێران گرەوی کردووە و،لەئەگەری سووتانی کارتەکانی دەستی و لەدەستدەرچوونی دۆخەکە و سیاسەتی شێتانە وشەرەنگێزانەی،کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکە دەکاتە سووتمانی ئاگری شەرێکی ماڵوێرانکەر.
حکوومەتی کۆماری ئیسلامی مایەی نائەمنی و ئاژاوە و ناسەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و،تەنیا بە نەمانی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران ئەمنییەت و ئاسایش و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری دەگەرێتەوە بۆ ناوچەکە.