لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەمانۆیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە لەگەڵ جۆزێڤ بایدن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا،وێرای پیرۆزبایی لە بایدن بە بۆنەی دەست بەکار بوونی ،لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی رۆژ و، لە وانە پرۆژەی ئەتۆمی ئێران و کێشەکانی لوبنان گفتوگۆیان کرد. لەم گفتوگۆیانەدا کۆشکی ئێلیزە نیگەرانی خۆی لەبابەت سەماقامگیری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست گەیاندووەتە کۆشکی سپی و، هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەدان بە پرۆژەی ناوکی لە تەوەرە گرینگەکانی ئەو نیگەرانییەی دەوڵەتی فەرانسە بووە.
شایانی باسە کە لەگەڵ دەستبەکار بوونی ئیدارەی نوێی ئامریکا و ئەو ئەگەرانەی کە پرسی ئەتۆمیی ئێران لە کارە هەنووکەییەکانی دەوڵەتی بایدن دەبێ،ژان ئیولۆردیان وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە وتووێژێکدا رایگەیاندووە کە چالاکییەکانی ئێران لە بۆاری پیتاندنی ئۆرانیۆمدا جێگای نیگەرانی جیددییە و دەستراگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بە مانای مەترسییەکی گەورەیە. ئەو لێدوانانەی ئەم دواییانە و رۆشن بوونەوەی هەڵوێستی ولاتێکی بە هێزی ئورووپایی وەک فەرانسە لەبابەت پرۆژەی ناوکیی ئێران بۆتە مایەی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەروەی ئێران وەک کاردانەوە بەرامبەر بەو هەڵویست و لێدوانانەی کاربەدەستانی فەرانسەوی لە تویتێکدا و بە بەکارهێنانی هێندێک دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە ئەتیکێتی دیپلۆماتیک کە دەرخەری نیگەرانی و شڵەژانی ناوبراوە روو لە لۆردیان دەڵێ لە هەڵەوەری و قسەی بێ ناوەرۆک بەرامبەر بە وڵاتەکەی خۆ ببوێرن.