خەڵكی خەباتكاری كوردستان و ئێران
چالاكوانان، مامۆستایان، خوێندكاران و ژنانی خەباتكار
رۆژێك پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی 227 نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامی سەبارەت بە مەحارەب ناولێبردنی خەڵكی ناڕازی و ئازادیخوازی ئێران، سەرۆك دەزگای قەزایی رژیمیش لە وتەیەكدا پشتگیری ئەو بەیاننامەیە دەكات و رەزامەندی خۆی لەسەر ئێعدامی ژمارەیەك لە دەستگیركراوەكانی ئەم دواییە نیشان دەدات. غوڵامحسەین موحسنی ئێژەیی ئەو ژن و پیاوە ئازادیخوازانەی كە لە ئاخێزەكانی ئەم دواییە دەستگیركراون وەك دوژمنی ئەمنیەتی ئێران و ناو لێدەبات و لەگەڵ ئەوەیە ژمارەیەكیان لەسێدارە بدرێن.
ئەم جۆرە لێدوانانەی نوێنەران و بەرپرسانی رژیم لە مەحارەب ناولێبردنی ئازادیخوازانی ئێران كە نیشانەی بێدەرەتانی و داماویی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییە، لەكاتێكدایە كە ناڕەزاییەكان و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام لەكوردستان و زۆربەی ناوچەكانی ئێران لە هەشتەمین حەوتووی خۆیدایە و سەرەڕای سەركوتی دڕندانە لەلایەن هێزەكانی رژیم، ژمارەی خۆپیشاندەران رووی لەزیادبوونەوە روخانی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی بووتە خواستێكی گشتیی سەرتاسەری ئێراندا.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەیاننامەی 227 نوێنەری مەجلیس و لێدوانی سەرۆكی دەزگای قەزایی رژیم بە توندی مەحكوم دەكات و داوا لە هەموو چین و توێژەكانی خەڵك لەكوردستان و ئێران دەكات لە ناڕەزاییەكان و خۆپیشاندانەكانی سەرشەقام و بەهەر شێوازێكی گونجاو ئەم بەناو نوێنەرانەی مەجلیس و بەرپرسانی رژیم ریسوا و ئیدانە بكەن.
بەیاننامەی نوێنەرانی مەجلیس و بەدوای ئەوە لێدوانەكانی غوڵام حسێن ئێژەیی باس لە ئەگەری جێبەجێكردنی پیلانێكی شومی دیكە دژە بە خەڵكی خەباتكاری كوردستان و ئێران، بەتایبەتی گیراوەكانی ئەم بزوتنەوە نوێیە و زیندانیانی سیاسییەكان دەكات. هەر بۆیە داوا لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران دەكەین سەرەڕای محكومكردنی ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی رژیم هەوڵ بۆ لەقاودانی ئەم سیاسەتە شومە بدەن.
داوا لە سەرجەم ناوەند نێونەتەوەییەكان و دامەزراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین بۆ ئازادی سەرجەم زیندانیان سیاسی و گیراوەكانی بزوتنەوە نوێ، گوشارەكانی خۆیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی زیاتر بكەن و لەبەرامبەر سەركوت و كوشتاری بێ بەزەییانەی خەڵكی ئازادیخوازی ئێران بێدەنگ نەبن.
سەركەوێ بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و ئێران
بڕوخێ دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی ئێران
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
16ی خەزەڵوەری 1401 – 7ی نۆڤامبری 2022