خەڵكی خەباتكاری كوردستان!
كچان و كوڕانی كۆڵنەدەری كوردستان!
زیاتر لە دوو مانگ و نیوە خەبات و شۆڕشی ئێوە نەك هەر بووەتە هۆی پتەوكردنی بێ وێنەی پێوەندی خەڵكی كوردستان و گشت ئێران، بووە بە بنەمای لێك تێگەیشتن و پوچەڵكردنەوەی درۆ و دەلەسەی نەیاران و دوژمنانی كورد و، لە هەمانكاتدا كۆڵەكەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی بە توندی لەرزاندووە. هەربۆیە ئەو رژێمە نگریسە بەوپەڕی بێڕەحمی و بە توندترین شێواز كوردستان سەركوت دەكات.
ئێوەی دوژمن بەزێن توانیتان بە ژیری پیلانەكانی رژیم پوچەڵ بكەنەوە و دەبینین ئەوڕۆ هەموو گەل دەنگیان یەكی گرتووە و شكۆیەكی بەخشیوەتە شۆڕشی ژینا و هەموو ئێران بە دیدی لێ فێربوون دەڕوانێتە كوردستان.
لەم رۆژانەدا بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی خوێندكار بانگەوازی چەند ڕۆژ خۆپیشاندان كراوە لە سەراسەری ئێراندا. ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران پێمانوایە پێویستە كوردستان زیاتر لە پێشووش بە پلان و نەزم و تاكتیكی خۆیەوە بەشداریی لەو ئاخێزەدا بكات. بۆیە داواكارین ئێوە پشتی ئەو بانگەوازانە بگرن كە ناوەند بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دی ڕایدەگەیەنێت.
ئێمە بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی دانشجو(خوێندكار) و بۆ هاوپشتی لەگەڵ بانگەواز بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لە سەراسەری ئێراندا، داوا دەكەین ڕۆژی 16ی سەرماوەز لە كوردستاندا هاوئاهەنگ و پێكەوە لە دوای نیوەڕۆوە لە مەیدان و شەقامی شارەكاندا گردبوونەوەی جەماوەری دژ بە میلیتاریزم و سەركوت و دیكتاتۆری بەڕێوە بچێت.
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
12ی سەرماوەزی 1401