کاتژمێر ۲ی پاش نیوەرۆی ۱۸ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لەسلێمانی،ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ،سمینارێکی سەبارەت بە ئەزموونەکانی کاری هاوبەشی هێزە سیاسیەکان و بە تایبەت، مانگرتنی ۲۱ی خەرمانان بە بەشدارای نوێنەرانی حیزبە سیاسیەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی و میوانان بەرێوە چوو.
سمینار بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و کورد بەرێوەچوو و دواتر بەرێوەبەری سمینار، فواد خاکی بەیگی بەرنامەی کاری سمیناری راگەیاند.
پانێلی یەکەمی سمینار بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز کاکۆ عەلیار لە ژێر ناونیشانی “ئەرکی هێزە سیاسیەکان بەرانبەر کۆمەڵگای مەدەنی رۆژهەڵات پێشکەش کرد و تێدا قۆناخەکانی خەباتی مەدەنی لە ئاستی جیهانی و دواتر پەرەگرتنی لە ئێران و کوردستان بە وردی باس کرد و گرینگی ئەرکی هێزی سیاسی بەرانبەر بە کۆمەڵگا و کۆمەڵگا بەرانبەر بە هێزەسیاسیەکان خستە روو.
دواتر بەرێز سۆران نووری بە نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان تیشکی خستە سەر چۆنیەتی مانگرتنەکە پاش موشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و ئێعدام تێکۆشەرانی سیاسیی لە هەموو رەهەندەکانەوە مانگرتنەکەی شرۆڤەکرد و باسی لەوە کرد حەرەکەتێکی ئاوا جەماوەری ئەگەرچی بێ کەموکۆری نیە،بەڵام یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکان و وڵامی ئەرێنی کۆمەلگا ،لەم هەلوومەرجە هەستیارەدا بێ وێنە بوو.
لە پانێلی سێهەم دا بەرێز محمد حەکیمی بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان،دەوری راگەیاندنی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی مانگرتنەکە بە وردی باسکرد و پێویستی کومیتەیەکی راگەیاندنی هێزە سیاسیەکان ،لە دارشتنی بەرنامە وپلانی یەکگرتوو لە بواری میدیا پێویستیەکی زەرووری زانی.
بەرێز فواد جەعفەری بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە ژێر ناونیشانی “دەوری پشتیوانی هێزە سەرانسەرییەکان (سازمانی موجاهیدنی خەلق وەک نموونە) لەمانگرتنی کوردستان باس کرد و رایگەیاند لەو هەلوومەرجانەدا پشتیوانی هێزە سەرانسەرییەکان لە داخوازە رەواکانی نەتەوەکەمان دەبێ لە کوردستانەوە بەئەرێنی سەیربکرێت.
لە کۆتا پانێلی سمینارەکەدا، بەرێز تاهیر مەحموودی بە نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران “گرینگی هاوئاهەنگی خەباتی شار و شاخی” باسکرد و رایگەیاند لە روانگەی حدکاوە شار لە هەموو رەهەندەکانەوە ،دەبێ چەقی خەبات بێ و پێشمەرگەو شاخیش ،پشتیوان بن ، هەر دوو لا هاوئەهەنگ و هاودەنگ لە راستای وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان هەنگاو هەڵبگرین.
سمینارەکە بە وڵامدانەوەی پێشنیار و رەخنەی بەشداران لەلایەن کۆرگێرانەوە و کۆبەندی راسپاردەکان بۆ بریاردان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ناوەند، لە فەزایەکی دۆستانە کۆتایی پێهات