خەڵكی تێكۆشەر و ئازدیخوازی كوردستان!
ئێوە لە بزوتنەوەی ئەو دەورەیەدا سەركەوتنێكی مێژووییتان تۆمار كرد و یەكگرتوویی ئێوە نەك هەر پشتیوانی، بەڵكوو ئیعترازاتی جەماوەریی گەورەشی لە ئێران بەرپاكرد. دیارە ئەو ڕاپەڕین و هەستانە سیاسییە دەنگدانەوەی نێونەتەوەیشی هەبووە و زیاتریش دەبێت.
لەئێستا كە كۆمەڵانی وەزالە هاتوو بەرخودانیان بۆ ئازادی و دیموكراسی و مافە رەواكانیان لە گۆڕەپانی خەبات بەردەوامە و هەموو كوردستان هاودەنگە و گشت ئێرانیشی گرتۆتەوە، خەباتی ئێوە ڕژیمی وەلەرزە هێناوە و بە درۆ و دەلەسەی بێ بنەما باس لە بوونی هێزی پێشمەرگە لە گردبوونەوە ناڕەزایەتی و سیاسییەكان دەكات كە ئەسڵ و ئەساسی نییە. لە لایەكی دیكەوە دەستگەلێكی نەزان یان نادڵسۆزیش لە هەوڵدان تا ئاراستەی ناڕەزاییەكان بەرەو جوڵەی سەربازیی بەرن و لە توڕەبوونی خەڵك و لاوەكان بۆ ئەو مەبەستە كەڵك وەرگرن.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەو بڕوایە دایە كە وەها كردەوە و تاكتیكێك لە ئێستادا بە زیانی خەباتی سیاسی و بەردەوام بوونی بزوتنەوەی مەدەنییە و لەم هەلومەرجەدا كارێكی نابەرپرسانەیە. هەروەها جارێكی دیكە لەگەڵ وەدرۆخستنەوەی پڕۆپاگاندا و بوختانەكانی كۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنین كە: بەڵێ حیزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵات پشتیوانی تەواوی خۆیان لەو بزوتنەوەیە ڕاگەیاندوە و، بۆ بەردەوامیی ئەو خەباتە و داخوازییەكانی ئەو بزوتنەوە مەدەنییە هاوئاهەنگ لەگەڵ ئێوە و بۆ بەردەوامیی بزوتنەوەكە كار دەكەین و پەرە بەو یەكگرتوویەش دەدەین كە لە سەراسەری ئێراندا پێكهاتووە و لەو بوارەدا لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش لەسەر خەت دەبین هەتا ڕوخانی كۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە مافە ڕەواكانی گەلی كورد و باقی خەڵكی ئێران هەدا نادەین.
بەرز و بەڕێزە یادی شەهیدانی ئەوە دەورەیە و هیوای سڵامەتی بۆ بریندارەكان دەخوازین.
بژی یەكگرتوویی و یەكێتی كوردستان
بڕۆخێ كۆماری ئیسلامی ئێران
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٣١ خەرمانانی ١٤٠١