ماڵپەڕی “رۆژی كورد” بۆ تاوتوێ کردنی، بەشێک لە ڕەهەندەکانی کردەوەی تیرۆریستیی شەوی سێ شەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥٥ی هەتاویی بەر دەرگای قەڵای دێموکرات کە تێیدا ٧ کەس شەهید بوون، وتووێژێکی لەگەڵ هاوڕێ رەزا كەعبی، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە سازداوە كە دەقەكەی لەخوارەوە دەخوێننەوە:
پرسیار: تیرۆر چۆن پێناسەدەکەن؟ تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە چ مانایەکە؟
وەڵام: تیرۆر و تیرۆری دەوڵەتی دامانە له دەستگای سەرکوت و له دامرکاندنی ناڕەزایەتییەکان و به تایبەت ورە و هیوای خەڵک و تێکۆشەرانی سیاسیە. هەر بۆیە ڕژیمەکان پشت به تیرۆر دەبستن. تیرۆر هەمیشە لێهاتوترین و مەترسیدارترین کەسایەتییەکان له ڕوانگەی ڕژیمەکانەوە نشانە دەگرێ. بۆ کۆماری ئیسلامی که یەکێک له هارترین سیستمەکانی تیرۆری هەیە، بەتاڵکردنی جنونی کوشتار و مرۆڤکوژییە که ئەشکەنجە و زیندان و سێدارە ڕازییان ناکات. ئەمنییەت و ئاسایشی خۆیان له نائەمنیی بەردەوامی کۆمەڵگادا دەبینن و سێبەری تیرۆر نابێ کاڵ بێتەوە.
پرسیار: کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی دژبەرانی لە ناوخۆ وتەنانەت دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش، کەڵک لە ڕەوشی ڕەشەکوژی وەردەگرێ. ئایا بە کارهێنانی ئەو شێوازە دەتوانێ ڕێکاری بەرەنگاری بێ؟ ئایا کۆماری ئیسلامی توانیوێتی لەو بواردا سەرکەوتوو بێ؟
وەڵام: ڕاستە قوربانی زۆرمان داوە و ڕاستە تیرۆر هەمیشە لێهاتوترین و کارامەدترین کەسایەتییەکان نیشانە دەکات، بەڵام به بڕاوی من نەتەنیا سەرکەوتوو نەبووە، بگرە کۆماری ئیسلامی باجی زۆری داوە. تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ناوبانگی ئەم ڕژیمەی له جینایەت و مرۆڤکوژی بە جهیانی کرد و له ناوخۆی ئێرانیش ڕەشەکوژی و تیرۆر ڕێگای له بەردەوامیی خەبات و جمووجۆڵی سیاسی نەگرتووە.
پرسیار: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی و ئۆپۆزیسیۆنی کورد بەتایبەتی خەساری بەرچاویان بە هۆی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی وێکەوتووە، بۆ نەیانتوانیوە تا ئێستاش ڕووخساری ئەو تیرۆریزمە هەوسارپچراوە بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بناسێنن؟
وەڵام: من پێمۆایە تا ڕادەێکی بەرچاو تۆانیویانە ڕوخساری ئەو تیرۆریزمە بناسێنن. بەڵام ئەوەمان لەبەرچاو بێت که زۆرێک له تیرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی، به بێ هاوکاری یا لانیکەم چاوپۆشیی وڵاتان نەدەکرا. تیرۆریستەکان لهبەرچاوی هەموو جیهان ڕەوانەی تاران کرانەوە یان له زیندانەکانی کورت ماوە، حوکمدران و دواتر گەیشتنەوە تاران و مامەڵەیان پێدەکرا بۆ بەدەسهێنانی ئیمتیازی ئابووری و…. له ساڵانی ڕەشی تیرۆریسمی کۆماری ئیسلامیدا، سیاسەتی ڕۆژئاوا “دیالۆگی ڕەخنەگرانە لهگەڵ کۆماری ئیسلامی” بوو که ناوی ڕەمزی چاوپۆشی و دەست ئاوەڵاکردنی کۆماری ئیسلامی بۆ بردنە پێشی پیلانە تیرۆریستییەکانی بوو.
پرسیار: لە نوێترین هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ڕێورەسمی شەوی یەڵدا، ئاماژەکان کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک بکەری ئەو تاوانە دەسەلمێنن. لە زاری هیندێک لە وتەبێژانی دەسەڵاتی ئێران بە ڕاشکاوی قسە لە هێرش بۆ سەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەکرێ، تیرۆری شەوی یەڵدا دەکرێ وەک قۆناغێکی نوێ لە دەستپێکردنەوەی بەربڵاوتری تیرۆر لە دژی هێزە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی بێتە نرخاندن؟
وەڵام: من لەسەر ئەوە پێداگر نیە کە بڵێم قۆناغێکی نوێ نیە، بەڵام ئەگەر ساڵی پار تەقینەوەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و تیرۆرەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان سەرکەوتوو بوایە، قۆناغە نوێیەکە لەو کاتەوە دەستیپێدەکرد؟ کهوایە گرنگ نیە قوناغی نوێیە یان نا و هیچ ناگۆڕێ. کۆماری ئیسلامی و تیرۆر وەها پێکەوە بەستراونەتەوە که قۆناغ ناناسێ و به بێ پسانەوە دەبێ کاری خۆی بکات. بەڵام نیشان دەدات کە پڕۆپاگەندەی ناوبۆشی هەموو ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ فەوتاندنی حیزبە سیاسیەکانی کوردستان، چەندە لەگەڵ ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پێگەی جەماوەریی حیزبەکان دێتەوە؟ من پێموایە کۆماری ئیسلامی زۆر زۆر له کوردستان و لەو حیزبانە که دەڵێ نەماوەن نیگەرانە. کوردستان سەنگەرێکی زۆرزۆر قایمە له دژی کۆماری ئیسلامی و له کاتێکدا که سەرتاسەری ئێران برسییەتی و هەژاری و دیاردە هەر تاڵەکانی کۆمەڵگا، ئێران و دەیان میلیون خەڵکی هەراسان کردووە و ڕژیم هەستی پێدەکات، هەر چەشنە هەستانێکی جەماوەری له کوردستان و چالاک بوونی حیزبەکان دەتۆانێ هەوێنی هەڵگیرسانی بزووتنەوە و شۆڕشی جەماوەری له ئێران بێت. زێدەرۆیی نیە گەر بلێین جەرەقەی شۆڕشی جەماوەری له دژی کۆماری ئیسلامی له کوردستانەوە لێدەدرێ، هەر بۆیە هیچ چەشنە دەرفەتێک له دەست نادات و هەر پیلانێک دەگێرێت.
پرسیار: هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ بەرەنگاریی ئەو هەڵسوکەوتانەی کۆماری ئیسلامی پێویستە چی بکەن؟
وەڵام: زۆر ئاشکرایە که پێویستە به زووترین کات که زۆریش درەنگ کەوتووە، ڕێگاێکی هاوبەش و یەکگرتووانە بگرنە پێش. به هۆی ئەوە که کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و هەموومان له ڕێبەری و کادرەکانی زۆر جار قسە و لێدوانمان له سەر پێویستیی ئەم کاری هاوبەش و یەکگرتنە هەبووە، لێرە زۆرتر له سەری ناچم.