ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە پرسی ریفرندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان وتووێژێکی کەگەڵ هاوڕێ فەریبا محەمەدی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا ساز کرد.
دەقی وتووێژەکە:
١ـ بۆ لەم هەڵومەرجەدا سەرکردایەتی کورد لە باشووری کوردستان بڕیاری ڕێفراندۆمیان دا؟
فەریبا محەممەدی: پرسی سەربەخۆیی کوردستان هەمیشە بۆ زۆربەی حیزبەکان لەم بەشەی کوردستان بە تایبەت حیزبە سەرەکییەکان لە دەستووری کاردا بووە و قسەی لێکراوە، کە لە هاتنە پێشی هەر ئەگەرێک ئەوە خەڵکی کوردستان دەتوانن بڕیاری لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. هەر بۆیە مەسەلەیەكی تازە نییە و چەندین جار هاتووەتە نێو گوتار و دیسكۆرسی ئەم حیزبانە، بەڵام بۆچی لە ئێستادا جارێكیتر ئەم مەسەلەیە ورووژاوە ئەوەیە، كە پەیوەندی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕوو بە کاڵی ڕوویشتووە و كۆمەڵێك كێشەی واقیعی هاتووەتە پێش. لە هەمان كاتیش بە تایبەت دوای هێرشی داعش و بەرگری قارەمانانەی كورد لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژئاوا، جارێكیتر پرسی كوردی لە ئاستی جیهانی هێنایە بەرباس و گفتۆگۆ؛ كە ئەمە و چەند مەسەلەیەكی دیكە دەتوانێ حیزبەكانی باشوور بەو قەناعەتە بگەینێت كە كاتی ئەوە هاتووە ڕێفراندۆم بكرێ بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان.
٢- باندۆری سەربەخۆیی کوردستان لە سەر بەشەکانی دیکە کوردستان چی دەبێت؟ پارچەکانی دیکە چۆن دەتوانن لەو دۆخە هەستیارەی باشووردا یارمەتیدەر و پشتیوانی بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆسەیە بن؟
فەریبا محەممەدی: كوردستان بە هەر چوار بەشیەوە تا ڕادەیەكی زۆر مێژوو و چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و هەر ڕووداو یان گۆڕانكارییەك لە بەشێكدا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەشەكانی دیكەی كوردستان هەیە.
كوردستانێكی سەربەخۆ بێگومان هیوا و ئامانجی هەموو تاكێكی كوردە لە هەر بەشێكی و زیندوو كردنەوەی مێژووی كۆنی كوردە، كە خاوەنی دەوڵەت بووە و یەكێك لە نەتەوە هەر كۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بۆیە بوونی دەوڵەتی كوردی ڕاستەوخۆ لە سەر خەبات و بزاڤی ڕزگاریخوازیی بەشەكانی دیكەی كوردستان كاریگەری دەبێ و هاندەر و هیوابەخشە.
مێژوو پێمان دەڵێت: كە هەمیشە کورد هاوخەم و پشتیوانی بزاڤی بەشەكانی دیكە بووە، بەتایبەت خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەمبارەوە پێشەنگ و پێشڕەو بووە، بۆ نموونە پشتیوانی لە خەباتی كۆبانی، ناڕەزایەتی بۆ گرتنی بەڕێز ئۆجەلان، شایی كردن بۆ سەرۆك كۆماری مام جەلال و ……. هەر بۆیە تا ئێستاش ئەوەی دەبیندرێ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات زۆر پشتیوان بوون. حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتیش هەموویان هاودەنگن بۆ پشتیوانی لە پرسی ڕێفراندۆم لە باشوور.
٣- هەوڵەکانی ئێران بۆ هەڵایسانی شەڕ بە بیانووی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان چ دەبێت؟
فەریبا محەممەدی: كۆماری ئیسلامیی، هەموو كات لە هەموو بەشەكان بۆ دژایەتی خەباتی ڕەوای كورد ئامادە بووە و پیلانی گێڕاوە. ئێستاش بە هەموو هەوڵ و تەقالایەوە خەریكی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمە، چ وەك ئەوەی هەندێ لە لایەنەكانی باشوور بەوە ڕازی بكات كە چالاك نەبن لە بانگەشەی ڕێفراندۆم یان لە ڕێگای دەوڵەتی بەغداوە بەردەوام خەریكی پیلانگێڕییە. ئێران یەكێك لە نەیارانی سەرەكی كورد و لە هەمان كاتیش كاریگەرترین وڵاتە لە ناوچەكەدا و دەستی باڵای لە سپۆنسەری هێزە تێرۆریستەكان هەیە، بۆیە ئەم هەوڵانەشی ڕەنگدانەوەی هەبووە لە بڕیاری پەرلمانی عێراق و تەنانەت لایەنەكانی نێو باشووریش.