رۆژی 25ی مانگی ئەگۆست سوپای توركیا بە تانكو چەكی قورس و بە بیانوی شەڕی داعش هێرشی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردو بە بۆردومانی شاری جەرابلوس و دەوروبەری دەیان هاوڵاتی كوردیان شەهید كرد.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ئەم لەشكركێشییەی سوپای توركیا مەحكوم دەكاتو هێرش بۆ سەر شاری جەرابلوسو كۆمەڵكوژی خەڵكی ناوچەكە بەكارێكی نامرۆڤانەو ناڕەوا دەزانێت كە بە زیانی پێوەندیی گەلی كورد و توركە. ئێمە خوازیاری كشانەوەی هەرچی زووتری سوپای توركیا لە رۆژئاوای كوردستانین و هاوكات داوا دەكەین پەیەدە بە زووترین كات پێوەندی خۆی لەگەڵ هێزە كوردیەكان باش بكات و هەول بدەن بۆ یەكگرتوییەكی نەتەوەیی.
هێرشی توركیا بۆ سەر جەرابلوس لە قازانجی بەرەی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش نیە، بەڵكو بۆ لێدانە لە ئەزمونی خەباتی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانو پەیڕەوكردنی سیاسەتی هاوبەشی توركیایە لەگەڵ ئێرانو ڕوسیە و سوریا دژ بە گەلی كورد.
ئێمە پشتیوانی خۆمان لە هێزەكانی بەرگریكاری ڕۆژئاوی كوردستان دەردەبڕین و ئامادەی هەرچەشنە هاوكارییو یارمەتییەكین و دڵنیاشین پیلانی دوژمنانی كورد دژ بە رۆژئاوای كوردستان سەرناگرێتو لەبەرامبەر گیانفیدایی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان شكست دێنێ.
داوا دەكەین بە فەوری ئاگربەس بكرێ و هێرش بۆ سەر شەڕڤانان و خەڵكی سڤیل رابگیرێت.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
1ی سێپتامبری 2016