ئەوڕۆ زۆرێک بیر لەوە دەکەنەوە کە ئێران بەرەو گۆڕان هەنگاو دەنێ، ئەو چەند ڕۆژەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئێران نیشانیدا کە کەشوهەوای سیاسی ئیتر مەیدانی ئیسلاحخوازیی حکومەتی نەک هەر بەرتەسک کردۆتەوە، کارایی و دەوری ئەو ڕەوتە ئیتر تەواو بوو. بە واتەیەکی دیکە داخوازی و ویستی گەل لە ئیسلاحخوازان تێپەڕی کرد. خەڵک بە ئاشکرا ویستی نەمانی کۆماری ئیسلامییان هێنایە ئاراوە. ئەو بەستێنانەی وا پێکهێنەری داخوازی نارازی و خەڵکی چەوساوەی ئێرانن، نەک هەر تەواو نەبوون، بەڵکوو ئەو دەسەڵاتە نە دەتوانێ و نە ملکەچی داخوازیەکان گەل دەبێ و نە دەتوانێ ئەو بەستێن و مێرگی ناڕەزایەتیە ویشک بکات.
بۆیە زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لایانوایە کە نیشتنەوەی ئەو شەپولی ناڕەزاییە کاتییە و کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەو قەیرانە دەرباز بێ و مەودای مانوڕی جیا لە سەرکوت نەماوە، خەڵکیش تازە ترسی شکاوە و زمان و زەینی بۆ نەمانی ئەو رژێمە کەوتۆتە کار. بەڵێ ئەو هەلومەرجە هەموانی خستۆتە بیری ئاڵترناتیو. سیاسەتی دەرەکی دژ بە کۆماری ئیسلامیش هەموو توان و وزەی خۆی دەخاتە گەڕ تا ئاڵترناتیوی بابی دڵی خۆی بەهێز بکات، وەها ئاڵترناتیوێک بۆ گشت ئێران لەبەرچاو دەگیرێ.
بێشک ئەو جموجوڵە سیاسیە بۆ چارەنووسی کوردی ژێردەستەی ئێران گرینگە. جیا لەوە بزوتنەوەی کوردستان ئەو نزیک بە چوار دەیەیە پێشەنگی دژایەتی و بەربەرەکانێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە، هەر بەو هۆیەش کوردستان هەم قورسایی مەیدانیی هەیە، هەم لەباری زەینی و مەعنەویەوە ئوتۆریتەی لە ناو ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی هەیە. بە هەموو ئەو لێکدانەوە کوردستان دەبێ کاریگەریی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەش بخاتە ڕوو. ئەو ئەرکە تەنیا لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە خەڵکی کورد شانبەشانی دیکەی گەلانی ئێران بێتە مەیدان، بەڵکوو بەوە مەیسەر دەبێ کە بزوتنەوەی کوردستان هەم دروشم و داخوازی خۆی ڕۆشن و یەکگرتوو بێ، هەم لەگەڵ لایەنگەلێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی بتوانێ دروشمی هاوبەشی هەبێ بۆ دێمۆکراسی و ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی. واتە حیزبە کوردیەکان هەم خۆیان یەکدەنگ بن لە داخوازیە کوردستانیەکان، هەم هاندەر بن لە مەیدانی سیاسی ئێراندا بۆ سەرگرتنی ئاڵترناتیوێکی دێمۆکرات و سێکولار.
بە کورتی بڵێین پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان کە هەست بەو ئەرکە دەکەن و پێیانوایە نابێ لە داهاتوودا ملکەچی هەر ئاڵترناتیو سازییەک ببن یان ملکەچیان بکەن، بە بێ مەحتەل بوون سازەیەکی ناوخۆی کوردستانی لەسەر دوو تەوەری داخوازی نەتەوەیی و میکانیسمی هاوکاری کوردستانی و کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی دێمۆکراسیخواز لە ئێران پێک بێنن. تەنیا وەختێک ئەوە مسۆگەر بکەین جا ئەوجار دەتوانین قورسایی بزوتنەوەی کوردستان بخەینە بەرچاو و بەرهەمی چوار دەیە خەباتی ئەو گەلە بکەینە دەستەچیلەی هاوپەیمانیەکی سەراسەری. تەنیا لە وەها هەنگاوێکی خێرا و بوێرانەدایە کە کاریگەریمان هەم لە پێکهاتەی داهاتووی ئێران دەبێ، هەم سەرنجی بیروڕای گشتی و دنیای دەرەوەش و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش بۆ کوردستان وەک سەنگەری قایمی ئازادی و دێمۆکراسی رادەکێشین، دەنا دەبینە پاشکۆی ئاڵترناتیوی نابەدڵ و بە لاوازی لە پێکهاتەی دوای کۆماری ئیسلامی وەردەگیرێین. ئەوڕۆ کاتی وەها هەنگاوێکی کوردستانیە، سبەی درەنگە.