بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەو سوكایەتییەی كە لە كەناڵی 2 تەلەفزیۆنی كۆماری ئیسلامی بە زمانو خەڵكی ئازەری كرا، دوێنێ لەچەندین شاری ئازەربایەجان خۆپیشاندانێكی بەرین بەڕێوەچوو، لەشارەكانی تەورێزو ورمێ، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردەسەر خۆپیشاندەران. خواستی خەڵكی ناڕازی كۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی نەتەوەیی، خوێندن بە زمانی زگماكی، سزادانی بەڕێوەبەرانی تەلەفزیۆنی فەرمی كۆماری ئیسلامیو كۆتایی هێنان بە گرتنو راوەدونانی هەڵسوڕاوانی مەدەنی بوو.
ئەمە یەكەم جار نیە كە میدیاو دامەزراوە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی سوكایەتی بە نەتەوەی تورك زمانی ئازەبایەجانو باقی نەتەوەكانی ئێران دەكەن. لە روانگەی ئێمەوە پەیڕەوكردنی ئەم سیاسەتە بەشێكە لە سیاسەتی سەركوتی سیستماتیكی نەتەوكانی ئێران لەلایەن رژیمی ئێرانەوە. نەتەوەی كورد زۆرجار ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی تاقیكردوەتەوەو لەبەرامبەریدا وستاوە، ئێستاش خۆی بە پشتیوانی تەواوی خەڵكی ئازەربایەجان دژ بە رژیم دەزانێت.
ئێمە سەرەڕای مەحكومكردنی ئەم سوكایەتیەی تەلەفزیۆنی ئێران بە خەڵكی ئازەربایەجان، داوا لەهەموو خەڵكی ئازادیخوازو كرێكارانو زەحمەتكێشان، بەتایبەتی داوا لەكۆمەڵگای ئێرانیی لەهەندەران دەكەین كە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە رژیم، هاوپشتی خەڵكی ئازەربایەجان بنو لەقاودانی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە نەتەوەكانی ئێران، لەسەرو كارەكانی خۆیانەوە دابنێن.
ئێمە خوازیاری ئازادی دەربڕینی بیروڕاو ئازادی سیاسیو مافی یەكسان بۆ هەموو نەتەوەكانی ئێرانینو هەوڵدان بۆ پتەوكردنی برایەتیو دۆستایەتی خەڵكی كوردستانو ئازەربایەجان بە ئەركی خۆمان دەزانین.
هەیئەتی هاوئاهەنگیی سێ لایەنی كۆمەڵە
رەوتی سوسیالیستی كۆمەڵە
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان (هێڵی یەكگرتنەوە)
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
19ی خەزەڵوەری 1394
10 نۆڤامبری 2015