وەفدێكی كۆمەڵە بەشداریی لە رێوڕەسمێكدا كرد كە لە یەكێك لەسەنگەرەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەسنورەكان بە بۆنەی 25ی گەلاوێژ، ساڵرۆژی دامەزراندنی ئەو حیزبە بەڕێوەچوو.
شەوی رابردوو (16ی ئاگۆستی 2017) وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە سەرپەرستی هاوڕێ ئارامی مودەڕسی، بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەسنور، سەردانی یەكێك لەسەنگەرەكانی (حدكا)یان كردو بەشداری رێوڕەسمێك بەبۆنەی 25ی گەلاوێژیان یادی دامەزراندنی ئەو حیزبەیان كرد.
وەفدی كۆمەڵە لەلایەن وەفدی دیموكراتەوە پێشوازییان كرراو وێڕای پیرۆزبایی ئەو یادە، لەسەر هاوكاریو هاوئاهەنگی زیاتری نێوان هەردوولا، بەتایبەتی لەسەرسنورەكانی كوردستان پێداگرییان كرد.
هەر لەو چوارچێوەدا شەوی رابردوو هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەو حیزبی دیموكراتی كوردستان بە هاوبەشی چاودێریی جموجوڵی ئەو هێزەی سپای پاسدارانی رژیمیان كرد كە رۆژێك پێشتر لەناوچە سنورییەكانی حاجی ئۆمەران جێگیركراونو، بەرپرسانی نیزامی هێزی پێشمەرگەی هەر دوولا، پلانو گەڵاڵەی هاوبەشیان بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر ئەگەرو پێشهاتێك تاوتوێكرد.