وەفدێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بۆ تاوتوێكردنی گۆڕانكارییەكانو پرسی بارگرژیی ئەم دواییەی نێوان ئەو حیزبەو پارتی كرێكارانی كوردستان سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانیان كرد.
پاش نیوەرۆی ئەمرۆ یەكشەممە 10ی جۆزەردانی 1394ی هەتاوی وەفدێكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرشتی بەرێز میرۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسی، سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كردو لەلایەن وەفدێكی كۆمەڵە بە سەرپەرشتی هاوڕێ فەریبا محەمەدی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا وەفدی میوان بە باسكردنی وردەكاریی سەرهەڵدانی بارگرژیی ئەم دواییەی نێوان ئەوان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، پێزانینی خۆیان لەمەڕ دەربڕینی هەڵوێستی حیزبو لایەنەكان لەوانە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە لێدوانو راگەیاندنی فەرمی لەسەر ئەو رووداوە دەربڕی.
وەفدی كۆمەڵە پاش سەرخۆشی دووبارەی خۆی سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەكی حیزبی دیموكرات بەدەستی گەریلاكانی پەكەكە، جەختی لەسەر هێوركردنەوەو ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەو پەیوەندی نێوان هەر دوو لایەنی حدكاو پەكەكە كردەوەو، دەست بردن بۆ چەك لە چارەسەر كێشەی نێوان حیزبەكانی كوردستانی بەتوندی مەحكوم كردو دیالۆگو گفتوگۆی بە تاكە چارەسەری كێشەو گرفتەكان لەنێوان هەموو حیزبە كوردییەكان ناولێبرد.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا وەفدی كۆمەڵە جەختی لەسەر یەكڕیزیو تەبایی زیاتر نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردەوەو ئاماژەی بەوەشدا كە یەكگرتووییو یەكگوتاری حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەگەری رووداوی هاوشێوەی “كێلەشین” كەمدەكاتەوەو بەقازانجی بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان دەبێت.
هەروەها هەردوولا سووربوونی خۆیان لەسەر هاوكاری زیاتری هەردوو لا و باقی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دووپات كردەوە.
كۆبوونەوەكە پاش نزیكەی 2 كاتژمێر كۆتایی پێهاتو وەفدی میوان بەڕێزەوە بەڕێكران.