رۆژی 22ی بەفرانباری 1395 (11/1/2017) وەفدێكی رێبەریی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) بەسەر پەرستی بەڕێز سیامەند موعینی، هاوسەرۆكی پژاك سەردانی مقەڕی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەیان لەسلێمانی كرد.
وەفدی میوان لەلایەن وەفدێكی رێبەریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەسەرۆكایەتی هاوڕێ رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵە پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا پاش بەخێرهاتنو پیرۆزبایی بەبۆنەی كۆنگرەی 5ی پژاكو هەڵبژاردنی هاوسەرۆكایەتی نوێی ئەو حیزبە، قسەوباسێكی چڕو پڕ لەسەر بارودۆخی ناوچەكەو ئێرانو كوردستان كرا.
لە دانیشتنەكەدا هەر دوو لا بەتیشك خستنەسەر هەستیاربوونی بارودۆخەكەو ئەو دەرفەتانەی لەبەردەم بزوتنەوەی كورد هاتونەتە ئاراوە، جەختیان لەسەر یەكڕیزییو تەبایی حیزبە كوردستانییەكان كردەوەو بڕیاردرا لەم پێناوەدا هەردوولا هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ.
لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قسەوباسێك لەسەر بارودۆخی ئێرانو لەئارادابوونی ئەو بزوتنەوە كۆمەڵایەتییانە كرا كە لەناوخۆی ئێرانو رۆژهەڵاتی كوردستان رۆژانە بەرامبەر بە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكەنو دەكەونە بەر سەركوتی هێزەكانی رژیم. لەوەها بارودۆخێكدا هەردوو لا تەباییو هاوكاریی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان بە پێویست زانیو بڕیاردرا لەم چوارچێوەیەدا هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ، هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵەو پژاكیش زیاتر پەرەپێبدەن.
كۆبوونەوەكە پاش نزیكەی 2 كاتژمێر كۆتایی پێهاتو وەفدی میوان بە ڕێزەوە بەڕێكران.