پێشنیوەرۆی پێنج شەممە ۲۰۱۹/۰۳/۰۷ لەسەر بانگهێشتی رێبەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەیئەتێکی رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەرێز مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتی و بەرێزان محەمەد نەزیف قادری جێگری دوەمی لێپرسراوی گشتیی، د. ئاوات ساڕێژ ئەندامی ناوەندی سیاسی، فوئاد خاکی بەیگی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و محەمەد ساڵح قادری بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزب لە هەولێرسەردانی مقەری رێبەرایەتی کۆمەڵە لە شاری هەولێریان کرد و بە گەرمی لەلایەن هاورێ عومەری ئێلخانی زادە سکرتێری گشتی کۆمەڵە و هاورێیەتی هاورێ سادق زەندی ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە و هاورێ ئارام مودەریسی بەرپرسی سکرتارییەتی کۆمەڵە پێشوازیان لێکرا.
لەم دانیشتنەدا هەرتک لایەن لەبابەت هەلومەرجی سیاسی ئێستای ئێران و ناوچەکە سەرنج و رای خۆیان هێنایە گۆر و بە لەبەرچاوگرتنی ناوەرۆکی لێکدانەوەکان و نزیکی و هاورایی بۆچوونەکان هەرتک لەسەر پێویستی هاوکاریی زیاتر و هاوئاهەنگی تۆکمەتری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێداگریان کرد.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان دوولایەن قسەوباس هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بوو.لەو تەوەرەدا هەرتک لا لەگەڵ گرینگی و پێویستی دامەزراندنی ئەم ناوەندە و هەڵسەنگاندنی کاروچالاکیی هەتا ئێستای،لەسەر چالاکتر بوون و بەرینکردنەوەی هەم رێژەی لایەنەکانی بەشدار لە ناوەند و هەڵسووران و کاریگەرییەکانی پێداگریان کرد و بە رۆشنی باس لەوە کرا کە ناوەندی هاوکاری لەگەڵ پاراستنی یەکریزی و تەبایی خۆی، پێویستە هەنگاوی جیددی هەڵبگرێ بەرەو پێشوەچوونی زیاتر و سەقامگیری و بەدامەزراوە بوون.
ئەم کۆبوونەوەیە پاش ٥ سەعات گفتوگۆی چروپر کۆتایی پێهات.