پاش نیوەرۆی دوشەممە ٣٠ی پوشپەڕ وەفدێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەردانی مقەڕی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی لە سلێمانی کرد.
وەفدی میوان کە بریتی بوون لە بەڕێزان: مەزڵوم حەفتەن ئەندامی مەجلس پژاک ، دکتۆر چۆمان کەنعانی ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندیەکان و هۆگر دەلیل ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی پژاک لە لایەن وەفدی کۆمەڵە کە پێکھاتبوون لە ھاوڕێیان: سادقی زەندی ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە سلێمانی و محەمەد حەکیمی ئەندامی کۆمیسیۆنی راھێنانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر بزوتنەوەی کورد و پەلامارەکانی ئەم دواییە رژیمەکانی تورکیە و کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردیەکان و بۆردومانی ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان تاوتوێ کراو لە بەرامبەر پیلانەکانی دوژمنانی بزوتنەوەی کورد، جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ھێزە کوردییەکان بەتایبەتی حیزب و لایەنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کرا.
ھەر لەو پەیوەندەدا ھەر دوو لا سوربونی خۆیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان راگەیاند و بۆ ئەو مەبەستەش جەخت لەسەر بەردەوامبونی کۆبوونەوەکان کرایەوە.