کۆبوونەوەی ساڵانەی جێنێڤاکاڵ ڕۆژانی ١٧ تا ٢٠ی مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٤ی زاینی لە شاری جێنێڤ پێتەختی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو و وەفدێكی كۆمەڵە كە پێكهاتبوون لە هاوڕێیان ڕەزا کەعبی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی کۆمەڵە و سەعدی محەمەدپور ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە ئورووپا بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا كرد.
ژێنێڤا کاڵ (Geneva Call) ڕێکخراوەیەکی ناحکومەتییە و لە ساڵی ٢٠٠٠ی زاینیدا و لە شاری جێنێڤ لە وڵاتی سووس بە پشتبەستن بە ̋جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ̏ لەلایەن چەند هەڵسووڕاوێکی مافی مرۆڤەوە دامەزرا. ژێنڤا کاڵ کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی لەگەڵ ڕێکخراو و حیزبە سیاسییە خاوەن چەک و چەکدار بەڕێوە دەبا و دەیهەوێ ئەو ڕێکخراوانە ڕێز لە مافی زیندانیان بگرن، دژایەتی لەگەڵ جیاوازی جینسی و توندوتیژی جینسی بکەن، بەکارهێنانی مینی دژە نەفەر قەدەغە بکەن و تا ئەو جێگایەی وا دەکرێ لە خوێندنگەکان بۆ کاروباری سەربازی کەڵک وەرنەگرن.
كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی ٢٠١٢ بڕیارنامە و ڕێنوێنییەکانی جێنێڤاکاڵی ئیمزا کرد و ساڵانە بۆ کۆبوونەوەی ڕێکخراوەکە وەکوو یەکێک لە ئیمزاکەرانی بڕیارنامەکە بانگهێشت دەکرێ. لە کۆبوونەوەکەی ئەمساڵدا سەرلەنوێ بەڕێوەبەران و زۆرینەی بەشداربووان پێداگرییان لەسەر قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مینی دژە نەفەر، پێشگرتن لە چەکدارکردنی لاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ، بەکارنەهێنانی خوێندنگەکان وەک مقەڕی هێزی چەکدار و ڕێزگرتن لە مافی ژنان کرد. ڕۆژی سێهەمی کۆبوونەوەی گشتی جێنێڤاکاڵ لەبابەت بە قەدەغەکردنی هەڵاواردنی جینسی و توندوتیژی دژی ژنان بوو و بەشێکی بەرچاوی قسەوباسەکانی کۆبوونەوەی ئەمساڵی جێنێڤاکاڵ لەبابەت قەدەغەکردنی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵاواردن و تەجاوزی جینسی لە کاتی شەڕدا بوو.
هاوڕێ سەعدی محەمەدپوور ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات قسەوباسێکی پێشکەش کرد.
دەقی وتەکانی هاوڕێ سەعدی :
سڵاو و پێزانین بۆ هەموو ئێوە بەشداربووانی بەڕێز کە لە ڕیگای دوورەوە بەمەبستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی جێنێڤاکاڵ هاتوونەتە ئێرە!
پێش هەموو شتێک پێویستە جارێکی دیکە سپاس و ماندوونەبوون بڵێین بە بەڕیوەبەرایەتی جێنێڤاکاڵ کە چەندین ساڵە بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوە گرینگ و پڕبایەخانە. من سەعدی موحەممەدپوور بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان قسەوباسیکی کورتتان لەبابەت پابەندبوونی کۆمەڵە بە بەهاکانی مافی مرۆڤ پێشکەش دەکەم.
پێویستە دووپاتی بکەمەوە کە لە نێو حیزب و رێکخراوە پێشکەوتووەکانی کوردستان ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان و منداڵان بەتایبەتی و پاراستنیان لە شەڕوپێکدادان بووەتە باوەڕێکی گشتی و لە نیو زۆربەی حیزبەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بووەتە بڕیاری حیزبی.
پەیامی کۆمەڵە لە دژوارترین کاتەکانی شەڕدا پڕ بووە لە ئاشتی و وازهینان لە توندوتیژی. کۆمەڵە لە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتییەوە بە حیزبێک ناسراوە کە دژی چەوساندنەوەی جینسی و بەگشتی توندوتیژی دژی ژنان ڕاشکاوانە هەڵوێستی گرتووە، هەر بەم هۆیە کۆمەڵە بەوپەری دڵخوازی، ئامانج و باوەڕیەوە بڕیارنامە و تەوسییەکانی جێنێڤاکاڵی ئیمزا کردووە و لە هەموو بوارەکانی هەڵسووڕانی حیزبیماندا ئەو خاڵانەمان ڕەچاو کردووە و لە نێو حیزبدا و لە نێوخەڵکدا کارمان بۆ کردووە.
لە فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە هەموو ئەو بڕیارنامە و بەڵێنانەی جێنێڤاکاڵ دەگوترێنەوە و بوونەتە بەشیک لە دەورەی سیاسی بۆ ئەو کەسانەی دەیانهەوێ پەیوەست بن بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە. کۆمەڵە لە سەرەتای دەسپێکردنی خەباتیدا هەر چەشنە هەڵاواردنی جینسی و توندوتیژی دژی ژنانی لەو ناوچانەی کە دەسەڵاتی تێدا بوو قەدەغە کرد و ڕێگەی بە ژنان دا بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵات شان بە شانی پیاوان بەشداری لە خەباتدا بکەن. ئەو کات هیزە نەیارەکانمان هەوڵیان دا کە ئەو بڕیارەی کۆمەڵە وەک تەبلیغات دژی کۆمەڵە بکاربێنن و لە تابوو بوونی بەشداری ژنان لە ئیدارەی کۆمەڵگاو ڕیزەکانی خەبات دژی کۆمەڵە کەڵک وەرگرن. بەڵام بە خۆشییەوە ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بە سەر ئەو بڕیارە مێژووییەی کۆمەڵە ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان شان بە شانی پیاوان لە خەباتدان. ئەمڕۆ ژنانی خۆڕاگری کورد لە کوبانی کە لە ژێر دڕندانەترین هێرشی فاشیزمی ئیسلامین ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا ژنان بەشێکن لە دەسەڵاتی کوردی کە بە نۆعی خۆی کەموێنە یان بێوێنەیە لە ناوچەکەدا.
ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە ئەرکی چەسپاندی پەسەندکراوەکانی جێنێڤاکاڵیان لە نێو کۆمەڵەدا لە ئەستۆیە بەتایبەتی وریاکردنەوەی ژنانی پێشمەرگە و خوازیارانی پەیوەستبوون بە پێشمەرگایەتی کۆمەڵە. ئێمە جارێکی دیکە وێڕای ئەوەی کە پشتیوانی لە پەسەندکراوەکان و تەوسییەکانی جێنێڤاکاڵ دەکەین خوازیاری ئەوەین کە جێنێڤاکاڵ چاوەدیری بەردەوامی لەسەر بەڕیوەچوونی ئەو خاڵانە لە نێو حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا ببێ.
ئێمە خوازیارین کە جێنێڤاکاڵ سەنتەرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابمەرزێنێ و پێمان وایە دەکڕێ سەنتەرەکە لە پێتەختی حکوومەتی هەریمی کوردستاندا بێ. ئەم پێشنیارە لەم بابەتەوە گرینگە کە ناوچەکە لە ژێر هێرشی دڕندانەی داعشدایە کە زۆرترین گوشاری بۆ ژنان لە ناوچەکدا هێناوە.
هەر بژین و سەرکەوتوو بن.