ئەمرۆ شەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ وەفدێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەردانی ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کرد.
وەفدی میوان کە بریتیبوون لە بەڕێزان: زەینەب موراد ھاوسەرۆکی کەنەکە، د. حەکیم عەبدولکەریم، زەینەب مستەفا و شۆڕش خدر ئەندامانی کەنەکە، لەلایەن شاندی کۆمەڵە ھاوڕێیان: عومەر ئێلخانیزادە سکرتێر، رەزا کەعبی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی، نەوید مێھراوەر ئەندامی دەستەی کارگێڕی، خەلیل دەشتی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی، سنور حەنیفی پور و چیمەن جوانرودی ئەندامانی رێبەری رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد، پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارەکەدا قسەوباسێک لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و کوردستان کراو دۆخی ئێستای بزوتنەوەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان خرایە بەرباس.
ھەر دوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی زیاتری ھێزە کوردییەکان ھۆکارە بۆ ئەوەی لەم دۆخە ھەستیارەدا بزوتنەوەکە خەساری کەمتر بەرکەوێت و ھاوئاھەنگی نێوان پارچەکانی کوردستان و حیزبە کوردییەکان بزوتنەوەی کورد بەرەو پێش دەبات.