رۆژی هەینی 15ی سێپتامبر، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە رۆژی 25ی سێپتامبر لە باشوری كوردستان دەركرد. پاش چەندین ساڵ موناقەشەی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراقو، لەكۆتاییشدا بڕینی بودجەی پێشمەرگەو هەرێم لەلایەن حكومەتی ناوەند، لەئەنجامدا ئەم دوو یەكە سیاسییە نەیانتوانی كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن. بە گشتیی متمانە بە پرۆسەی فیدڕاڵیو پێكەوە ژیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند بەتەواوی لاواز بوو و لەناوچوو. ئەگەری سەركوتی دوبارەو داگیركردنی كوردستان، حیزبە سیاسییەكانو بەرپرسانی هەرێمی بەو دەرەنجامە گەیاند كە لە ریفراندۆمێكدا بۆ ئیرادەو دەنگی ئازادانەی خەڵكی كوردستان بگەڕێنەوە.
بە بڕوای ئێمە، ریفراندۆم، مافی دیموكراتیكو سروشتی گەلی كوردستانە، هەربۆیە ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لە ریفراندۆمو مافی دیاریكردنی چارەنوسی ئەم گەلە دەكەین.
داوا لەخەڵكی باشوری كوردستان دەكەین بە بەشداریی خۆیان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان، ئیرادەی خۆیان نیشان بدەن. لە هەموو خەڵكی باقی بەشەكانی كوردستانیش چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە كە بەشێوازی جیاجیاو بەگەرمی، هاوپشتی خۆیان لەگەڵ خەڵكی باشوری كوردستان دەرببڕن. داواكارین رێكخستنەكانی كۆمەڵە لە دەرەوەی وڵاتو، دامەزراوە مەدەنیو جەماوەرییەكان، هەڵسوڕاوانە بەشداریی لە كەمپینی بەرگریی لە ریفراندۆم بكەن.
لە بارودۆخێكدا كە كۆماری ئیسلامی هەڕەشە لە خەڵك كە باشوری كوردستان دەكات، ئەركی هەموو ئێمەیە تا بەرگریی لە مافی دیموكراتیكیو ئینسانیی ئەم خەڵكە بكەین، تا رەنجو حەقكوژیو ئەنفالو جینۆسایدی نەتەوەیەك كۆتایی پێبێت.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
17ی سێپتامبری 2017 – 26ی خەرمانانی 1396