ماوەی چەند ڕۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی داخرانی سنوورەکان، درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە مەدەنییە لە شێوەی کۆبوونەوە لە بەر دەرکی فەرمانداریی شارەکانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سەقز، هەروەها لە شێوەی ڕاخستنی سوفرەی بە تاڵ و کۆبوونەوە لە دەوری ئەو سوفرەیە خۆی نواندوە. ئەم حەرەکەتە مەدەنییانە شارەکانی سەردەشت و پیرانشاریشی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێ بۆ شارەکانی دیکەش پەل بهاوێ و هەر وا درێژەی هەبێ.
ئاشکرایە کە ژیانی ژمارەیەکی زۆرلە دانیشتوانی زەحمەتکێشی شار و ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی بەربەرەکانی لە گەڵ هاتنی کەلوپەلی قاچاغدا، سال بە ساڵ توند و تیژی و تاوان و سەختگیریی دژی کۆڵبەران زیاتر کردوە. سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کۆڵبەر و دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیان ولە نێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەکخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسکورتی ئەو ناوچانەی داوە. بە تازەییش وێڕای داخستنەوەی سەر لە نوێی سنوورە کۆڵبەرییەکان، یاسا گومرگییەکانی لە زیانی هاوردەکاران و فرۆشەران گۆڕیوە و بەم جۆرە جارێکی دیکە ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکەی خستووەتەوە مەترسی. راستییەک کە ئەوەندەی دیکە تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ئەو ناوچانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوەیە کە کاربەدەستان، هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەکی ئابوورییان بۆ ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکە نیە کە کۆڵبەری و هێنان و فرۆشتنی کەلوپەل لە سنوورەکانیان لێ قەدەغە کردوون.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مانگرتن و نارەزایەتیدەربڕێنی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەکا. نیشاندانی سوفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆڕغە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەکخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتکێشترین بەشەکانی خەڵک بەڕێوەیان دەبا، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵکەیە
. ئێمە لە کاتێک دا سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی مانگرتوان دەنێرین، داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن. پاشەکشەی کاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواکانی مانگرتوان و ناڕازییان، لە گرەوەی درێژەی ئەو حەرەکەتە و پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکە لە مانگرتنی شارە سنوورییەکان دایە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
(پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دیموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)
١٨/٤/٢٠١٨
٢٩/١/١٣٩٧