ڕۆژی کۆمەڵە، ڕۆژی ڕێز گرتنە لە شکۆ و ئیرادەی ژنان و پیاوانی پێشکەوتنخواز و بیرو باوەڕی پێشڕەو و تابۆشکێنی کوردستان بۆ ڕزگاری و سەربەستیی و مافخوازی.
کۆمەڵە، لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و ژێردەستە و داگیرکراودا بە جموجۆڵێکی جیاواز و نوێ سەری هەڵدا کە تا ئەوکات بۆ زۆر کەس نامۆ بوو. ڕێکخراوێک و کەسانێک لەناویدا سەریان هەڵدا و زۆر زوو گەشەی کردو چووە ناو دڵی جەماوەر، کە پێشتر وێنەی نەبوو. ڕێکخراوێک کە بەو پەڕی ڕاستگۆیی و لەخۆبردوویی باسی مافی ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان و کرێکاران و چەوساوەکانی کوردستانی دەکرد، باسی دیموکراسی و مافی گەلی کورد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هێنایە ئارا و ژیانێکی باشتری بۆ هەموو مرۆڤێک دەخواست و شێلگیرانەش لە پای وەستا و ئەم بیرو باوەڕەی کردە خواست و ئاوات و ئارمانی زۆربەی زۆری خەڵکی کوردستان.
کۆمەڵە بوو بە ئاڵاهەڵگرو چرای ڕێنوێنی بزوتنەوەی بەرینی حەقخوازانە و یەکسانیخوازانەی گەلی کورد. بە بیرو باوەڕی چەپ و پێشکەوتنخوازانەی خۆی، ژنان و کرێکاران و زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای بە مافی خۆیان ئاگا و وشیار کردەوە و بوو بە ڕابەر و داکۆکیکاری پەیگیری ئەم بزوتنەوەیە، هاوکات لایەنی ڕاستەقینە و شێلگیری بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕێبەری دەکرد و بە حەق جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵک بە تایبەتی ژنان و گەلی چەوساوە و بێمافەکان بوو.
لە دڵی کۆمەڵگای پیاوسالار و ستەم لێکراوی کوردستاندا، ئەوە کۆمەڵە بوو کە بۆ یەکەم جار ئاڵای یەکسانی و ڕزگاری ژنانی هەڵکرد و بوو بە پاڵپشت و هاتنە مەیدانی ژنان. بە هەزاران ژنی خەباتکار هیوای ڕزگاری خۆیان و هاوڕەگەزەکانیان بە کۆمەڵەوە گرێداو بە هاتنە مەیدان و بەشداری گەرموگوڕیان لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، سیمای بزوتنەوەی خۆڕاگرانەی خەڵکی کوردستان و ڕەوتی مێژووی ئەم خەباتەیان گۆڕی. شان بە شانی پیاوان لە شاخ و لە شار ئازایانە حەماسەیان خوڵقاند و جیا لە خەباتی مەدەنی و وشیارکەرانە و فێمێنیستی، چەکی پێشمەرگایەتییان کردە شان و چونە شەڕی چەکداری دژی تاریکترین و دژە ئینسانیترین دیکتاتۆری داگیرکەر. ئەوە کۆمەڵە بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە ڕەسمی و بە بەرفراوانی ژنانی چەکدار کرد و ئەم شانازییەی بۆ خۆی و بۆ هەموو ژنانی کوردستان لە مێژوودا تۆمار کرد.
تا ئێستاش لە هەرکوێ باسی ئازادی و یەکسانی ژنان هەبێ، باسی مافی کرێکارو زەحمەتکێش هەبێ ، باسی کۆمەڵگایەکی ئازادو پێشکەوتوو کە هەموو چین و توێژێکی مافخوراوو ژێردەستە هەبێ ، مۆرکی کۆمەڵە و ڕێبازی کۆمەڵەی پێوە دیارە. ئەم سوننەت و کولتورو ڕێبازە ئینسانی و پێشکەوتنخوازانەی کۆمەڵە ، ئێستاش کە ئێستایە بۆتە بنەما و سەرەتای هەموو خەباتێکی مەدەنی و جەماوەریی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
ئاسۆی ژنی کورد درێژەدەر و هاندەری ئەم خەباتە بێ وچانەیە کە بە سەدان ژنی تێکۆشەر گیانیان لە پێناویدا بەخت کرد و هەروەها بە هەزاران ژنی خەباتکار هەر ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دژوارترین بارودۆخدا خەباتی بۆ دەکەن.
ئێمە لێرەوە سڵاو دەنێرین بۆیان و بەڵێن دەدەین کە تا بەسەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەکەیان هەر لەگەڵیانین و پاڵپشتیان دەبین. هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی هەموو گیانبەختکردووانی سەربەرزی کۆمەڵە، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و هەموو چالاکوانانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
پیرۆز بێت یادی سەرهەڵدان و خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە!
سەرکەوێت خەبات لەپێناو یەکسان ژیان!
“ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد”
۲٥ی ڕێبەندانی ۱٤۰۰ هەتاوی