٤٠ ساڵ بە سەر گیانبەختکردنی هاوڕێ سەعید موعینی (خانە)، یەکەم پێشمەرگەی کۆمەڵە، تێپەڕدەبێ. ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک خانە، لە لایەن ڕێبەریی ئەو کاتی کۆمەڵە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاریکرا. لەو کاتەوە هەموو هاوڕێیانی کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان لە شار و لە شاخ، لە کۆبوونەوەی جەماوەریی، لە کۆڕوکۆمەڵی جیاواز، لە بارەگا و مقەڕەکانی کۆمەڵە رێز دەگرن لە ٣١ جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە.
هاوڕێ خانە هەم تێکۆشەرێکی ناسراو و قارەمانی زیندانەکانی سەردەمی پاشایەتی، هەم لە یەکەم ئەزمونی پێشمەرگایەتی ئازا و فیداکار، هەم کادرێکی تێکەڵاو لەگەڵ خەڵک و خۆشەویستیان بوو. هاوڕێ خانە لە شەڕ دژ بەڕژێمی بەعس و لە نزیک ئاوایی دڕی سەر بە شاڕۆچکەی ماوەت گیانی بەختکرد، ئەو نوێنەری کۆمەڵە بوو بۆ ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشور و خوێنی لەسەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان و بەرانبەر داگیرکەرێکی دیکە ڕژا، ئەوەش تایبەتمەندییەکی دیکەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە.
٤٠ساڵە پێشمەرگەی کۆمەڵە هەم چاونەترس بەرانبەر داگیرکەران، هەم دڵسۆز و فیداکار بۆ گەل و خەڵکەکەی، هەم لە شار و لە شاخ کۆڵنەدەرانە وەستاوە و سەلماندویەتی کە هێزێکی خەڵکییە، خۆڕاگر و بە ورەیە. ئێستاش تا داگیرکەران بە هێزی نیزامییەوە شاڵاو بۆسەر کوردستان بێنن، پێشمەرگایەتی تایبەتمەندیی هەرە گرینگی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، هەر ڕۆڵەی بە ئەمەگی خەڵکی چەوساوە پارێزەری بزاوتی ڕزگاریخوازی کوردستان و پاڵپشتی خەباتی هەموو پارچەکانی کوردستانن و بۆ پێشکەوتوویی و دژ بە کۆنەپارێزی دەجەنگن.
ئەوڕۆ کە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەر دەم ئاڵوگۆڕی جیددی دان و بزوتنەوەی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکە لە ڕیزی پێشەوەی دژ بە داگیرکاریی و دواکەوتویی ڕاوەستاوە، لە هەموو کاتێک زۆرتر بوونی پێشمەرگە و خەباتەکەی پێویستە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ بارهێنان و کاراکردنی هێزی پێشمەرگە و خۆ ئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرێک هەوڵ و تێکۆشانی خۆی پەرە پێدەدا و لەو بوارەدا لە هیچ کارێکی پێویست درێغی ناکات.
ئێمە هەمیشە خوازیاری چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد بوین، بەڵام مەخابن داگیرکەرانی کوردستان قەت لەو بارەوە ڕاستگۆ نەبون، بۆیە وێڕای پێداگری لەسەر بواری خەباتی سیاسی و مەدەنی، بەرەنگاری چەکدارانە و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە مەیدانی کاری نیزامیشدا بە ئەرکی گرینگی خۆمان دەبینین. سەربەرزین بە خەبات و خۆڕاگری چوار دەیەی پێشمەرگەی کۆمەڵە
بەرز و بەڕێز بێ یادی ھاوڕێ سەعیدی موعینی(کاک خانە)
سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و هەموو ئەوانەی وا لەو هێزەدا چالاکیان بووە
سڵاو لە بنەماڵەی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان
سڵاو لە گیانی پاکی هەموو ئەو کەسانەی لە ریزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەدا گیانیان بەختکردوە
سڵاو لەو کەسانەی وا لە خەباتی پێشمەرگانەدا کەم ئەندام بوون
سڵاو لە هەموو بنەماڵەی گیانبەختکردوانی خەباتی پێشمەرگایەتی و، دڵنیایان دەکەینەوە پێشمەرگەی کۆمەڵەپارێزەری ڕێبازی ڕۆڵەکانیان دەبێ
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشآنی کوردستان
٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٨ یان ٢٠ جونی ٢٠١٩ زایینی