کەناڵێکی تلوێزیۆنی ئیسرائیل هەواڵێکی بڵاو کردەوە لەبابەت پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کەسانی راسپێردراوی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵسەنگاندنی مەجال و دەرفەتی ئەنجامدانی کردەوەیەکی تێرۆریستی لەدژی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە یەکێک لە ولاتانی رۆژهەڵاتی ئەفریقا.
کەناڵی “کان ١١” کە سەر بە ناوەندی دەنگ و رەنگی رەسمی ئیسرائیلە، لە راپۆرتێکدا و بە پشت بەستن بە زانیاریی سەرچاوە رۆژئاوییەکان باس لە دەستبەسەر کردنی ژمارەیەک کەسی سەربە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات کە راسپێردراون لە بابەت ئەگەرەکان و مەجالەکانی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە دژی باڵوێزخانەی ولاتانی ئیسرائیل و ئامریکا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە یەکێک لە وڵاتە ئەفریقاییەکان لێکۆڵینەوە بکەن. هەرچەند ئەو سەرچاوەیە ناوی ئەو وڵاتە ئافریقاییەی ئاشکرا نەکرد،بەڵام رایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە لەژێر ناوی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و موحسین فەخریزادە ئەو کەسانە بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوە تێرۆریستیانە دنە بدا کە هێندێکیان رەگەزنامەی ولاتانی ئوروپاییان هەیە.