بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانكردنی حاج سمایل ئاغای ئێلخانیزادە، بەڕێز خالید عەزیزی سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی ئێلخانیزادە دەكات.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی سەرەخۆشی بە بۆنەی كۆچی دوایی جاجی سمایلاغای ئێلخانیزادەوە
برای بەڕێزم كاك عومەر ئێلخانیزادە
لەگەڵ رێزو سڵاوی گەرم
بە بۆنەی كۆچی دوایی باوكی بەڕێزتان حاجی سمایلاغای ئێلخانیزادە، لە قووڵایی دڵەوە سەرەخۆشیتان لێدەكەمو خۆم بە هاوخەمتان دەزانم. لە رێگای بەڕێزیشتانەوە سەرەخۆشیی خۆمو رێبەریی حیزبی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی هەموو كچو كوڕەكانی رەوانشاد حاجی سمایلاغاو تێكڕای كەسوكارو ئازیزانتان دەكەم.
حاجی سمایلاغا، راستە بۆ ئێوە باوكو گەورەی بنەماڵە بوو، بەڵام بەهۆی دڵسۆزیو نیشتمانپەروەربوونیەوە، بەتایبەتی بەهۆی بەڕێوەبردنی پۆستی وەزارەت لە كابینەی دەوڵەتی جمهووریی كوردستانداو وەفاداریو شانازیكردنی بەو رابردووەوە، جێگای رێزو خۆشەویستی هەموو لایەكمان بوو.
هەربۆیە بە ماڵاوایی یەكجارییشی ماتەمبار بووین.
ئەگەرچی حاجی سمایلاغا وەدیهاتنی ئەو هیواو ئاواتانەی نەدیت كە زیاتر لە سێ چارەكە چەرخ لەگەڵیان ژیابوو، بەڵام دڵنیام بە بەردەوامی هەموو لایەكمان لەسەر تیَِكۆشانو خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەكەمان لە بندەستی، سەرئەنجام ئاواتەكانی دێتەدی.
جارێكی دیكە هاوخەمیی خۆم لەگەڵ بەڕێزتان دووپات دەكەمەوە.
خالید عەزیزی
سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان
3/3/1395