كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
ئازادیخوازان، روناكبیران
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاری خوازانه ی گه لی كورد كەم نین ئەو بلیمەت و سەركردانەی كە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری و ئامانجەکانی گەلی کورد گیانیان بەخت كردووە.
بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی ئێران وەك بزوتنەوەیەكی حەقخوازانە و،بەتایبەت حیزبە شۆرشگێرەکانی لە ماوەی دەسەڵاتی٤٠ ساڵەی رژیمی ئیسلامی بە سەر كوردستان و ئێراندا، تووشی گەلێک خەساری گەورەی قەرەبوو نەكراو هاتوون كە تا ئێستاش كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەسەر ئەم بزووتنەوەیەوە دیارە.
یەكێك لەو رێبەرە شۆڕشگێرانە كاك فوئاد مستەفا سوڵتانیه كە له رۆژی ٩ی خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی گیانی لە پێناو گەیشتن به ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی گەلی کورد بەخت كرد.
كاك فوئاد سیمایەكی ناسراو و خۆشەویست و هەروها ئەندامی بنەماڵەیەك بوو كە ٤ برای دیكەشی لە بەربەرەكانێ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دوژمنكارانەكانی لە دژی بزوووتنەوەی كوردستان، لە زیندانەكانی ئەو رژیمەدا ئیعدام كران.
گیانبەختكردنی سیما ناسراو و سەركردەكانی حیزبەكانی كوردستان ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا نیشانەدری ئەو ڕاستیەیە كە شۆڕش لە كوردستانی ئێران بەرهەمی تێكۆشانی هەمووانه و سەركردە و پێشمەرگه هەموو كات شانبەشانی یەك و فیداكارانە پێكەوە قوربانیان داوه.
كاك فوئاد تەنها چەند مانگ پێش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و لە پاییزی ١٣٥٧ دا، دوای ٤ ساڵ زیندان بوون لە زیندان ئازاد كرا.
بە داخەوە ماوەیەكی كەم بە ئازادی ژیا، بەڵام لەو ماوە كورتەدا ڕێكخەری كۆمەڵێك جووڵە و چالاكی سیاسی بوو كە ئێستاش شوێن پەنجەیان بە سەر بزووتنەوەی كوردەوە دیارە.
مانگرتنی زیندانیان لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە،هەوڵدان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و دوور خستنەوەی شەڕ لە کوردستان بە هاوکاری حیزب و لایەنەکانی دیکە، کاک فوئاد یەكێک لە رێکخەرانی ئەو حەرەکەتانە بووە .
یەكیەتی جووتیاران و كۆچی مێژوویی مەریوان كە كاك فوئاد ڕێبەری دەكرد، یەكێك لەو چالاكییە سیاسی- كۆمەڵایەتییانەیە كە لە مێژووی بزووتنەوەی كوردستان و تەنانەت لە ناوچەكەشدا بێ وێنەیە و تا ئێستاش وەك ڕەمزی خەباتی مەدەنی لە كوردستانی رۆژهەڵات دەناسرێت.
خەڵكی تێكۆشەری كوردستان!
لەمڕۆدا كە یاد دەكەینەوە لە گیانبەختكردنی كاك فوئاد موستەفاسوڵتانی، جێگای خۆیەتی، یاد بكەینەوە لە یەكێكیتر لە رێبەرانی دیاری بزووتنەوەی كوردستان، كە چەند ساڵ دوای گیانبەختكردنی كاك فوئاد و رۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨ بە دەستی ماشینی تیرۆری كۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر كرا.
٣٠ ساڵ لەومەو پێش لە كاتژمیر ٢ی بەرەبەیانی ١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨ كاك سدیقی كەمانگەر یەكێك لە پارێزەرە دڵسۆزو جەماوەرییەكان و نوێنەری شاری سنە لە نزیك ڕانیەی كوردستانی باشوور، تیرۆر كراو گیانی بەختكرد.
تیرۆر كردنی كاك سدیق بەشێك بوو لە زنجیرەیەك تیرۆری چالاكانی سیاسی لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە.
ئێستاشی لەگەڵ بێت ڕژیم لە هەموو دەرفەتێك كەڵك وەردەگرت بۆ نەهێشتنی بیرجیاوازان و خەسار گەیاندن بە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كورد كە لەماوەی ساڵانی رابردوودا لە ئێعدام، موشەكباران، تۆپباران و دانانی بۆمب لە سەر رێگای هاتوچۆی ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی کورد خۆی نەبواردووە.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكومكردنی سەرجەم تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئێران و كوردستان، رێز دەگرێت لە خەبات و فیداكاری كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی و ئیدانەی تێرۆری كاك سدیق كەمانگەر و هەموو ئەو سەركردە و شورشگیرانە دەكات و بەڵێن دەدات كە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تا گەیشتن بە ئامانجه بەرز و مرۆییەكانی سەرجەم خەباتكارانی ئەم بزووتنەوە بەردەوام و شێلگیرانەتر درێژەدەری رێگای شەهیدانی نەتەوەی كورد و رێبەرانی دەبێت.
دڵنیاین ئاسۆی سەركەوتن نزیكه و ئەو رۆژه دەبینین كه گەلی كوردیش ئازادانه و لە ئاكسیۆنی گەورەی جەماوەریدا رێز له تێكۆشەران و رێبەرانی شەهیدی دەگرێت. یادیان بەرز و رێگایان بۆ هەمیشە پڕ رێبوارەو بیر و هزری سەركردەو رێبەرانی گیانبەختكردو مەشغەڵی ئێستاو داهاتوومانە.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٩ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی